نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کۆماری ئیسلامیی ئێران درەنگ یان زوو دەڕووخێت و خەڵکی ئێران ئازاد دەبن.
نێتانیاهوو لە پەیامێکدا بۆ دژبەرانی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند: "ئەم ڕێژیمە دەڕووخێت؛ ڕەنگە بخایەنێت، بەڵام لەکۆتاییدا هەر دەڕووخێت. ئەوان ئێستا لە لووتکەی لاوازیدان و ئەو گەمارۆیەی ترامپ سەپاندوویەتی، سپای پاسدارانی بەتەواوی پەکخستووە. لەبەر ئەوە دەڵێم بێهیوا مەبن، ڕۆژی ئازادیتان نزیکە."
نێتانیاهوو لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "دەیلی مەیل"ی بریتانیا، ڕەخنەی لە هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەت بریتانیا گرت و ئاماژەی بەوە کرد ئەو وڵاتانە لەکاتێکدا ڕەخنە لە ئیسرائیل دەگرن، کە مەترسییە ڕاستەقینەکانی کۆماری ئیسلامییان پشتگوێ خستووە.
نێتانیاهوو جەختی کردەوە کە ڕێژیمی ئێران بە دەیان هەزار کەس لە هاووڵاتییانی خۆی کوشتووە یان کەمئەندام کردووە و ئێستاش خەریکی پەکخستنی ئابووریی وڵاتانی ڕۆژاوایە.
سەبارەت بە درووستکردنی ئاستەنگ لە هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هۆرمۆز، وتی: "ئەوان ئاوڕێگە نێودەوڵەتییەکان و سەرچاوەکانی وزەی ئێوە پەکدەخەن و گوشار دەخەنە سەر ئابووریی وڵاتەکانتان."
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کرد کە ئیسرائیل بە هاوکاریی ئەمریکا لە بەرانبەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێراندا وەستاوەتەوە و وتی: "ئەگەر ئێستا ئێران چەکی ئەتۆمیی هەبووایە چی ڕووی دەدا؟ سەیرکەن بە بێ چەکی ئەتۆمیش چی دەکەن؛ پەلاماری هەموو کەسێک دەدەن و جیهان دەخەنە ژێر گوشارەوە."
لە کۆتاییدا نێتانیاهوو ڕایگەیاند، پڕوپاگەندەیەکی زۆر هەیە بۆ پاکانەکردن و پاڵەوانکردنی بزووتنەوەی حەماس—ئەو ئیسلامگەرايانەی هاووڵاتییانی بریتانی، ئەمریکی، ئیسرائیلی و دەیان وڵاتی دیکەیان کوشتووە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد: «ئێمە وڵاتێکی بچووکین لە ناوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، نەک تەنیا بۆ پاراستنی خۆمان، بەڵکوو بۆ پاراستنی وڵاتە عەرەبییە هاوچەرخەکان لەژێر دەسەڵاتی ئێران و هێزە بەکرێگیراوەکانی شەڕ دەکەین.»