هەواڵدەریی "بلومبێرگ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی، گرنگی بە خۆشبژێویی خەڵکی ئێران نادەن و تەنیا بیر لە مانەوەی دەسەڵاتەکەیان، واتە مانەوەی خۆیان دەکەنەوە.
ئەم هەواڵگرییە جەختی کردووەتەوە کە "کارەساتی ئێران لەوەدایە دەسەڵاتدارانی گرنگی بە بژێویی خەڵکەکەیان نادەن؛ ئەو خەڵکەی کە بارگرانیی سەرەکیی سزاکان دەکەوێتە سەر شانیان. ئەوان تەنیا بژاردەیان مانەوەی کۆماری ئیسلامییە، کە ئەویش مانای مانەوەی خۆیان دەگەیەنێت."
بلومبێرگ ئاماژەی بەوەش کردووە کە کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا وەک شەڕی مان و نەمان دەبینێت، شەڕێک کە لە دوای هاتنەسەرکاری لە ساڵی ١٣٥٧ەوە خۆی بۆ ئامادە کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەم ڕێژیمە زۆربەی سەردەمی حوکمڕانیی خۆی لەژێر سزاکاندا بەسەر بردووە و لە پلانەکانی جێگرتنەوەیدا، نەک هەر بۆ ڕێبەر، بەڵکوو بۆ ژمارەیەک لە بەرپرسە سەربازی و سیاسییەکانی کە دەیانزانی ئەگەری هەیە بکرێنە ئامانج، توانای بەرگەگرتنی دروست کردووە.
هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەو فەرماندانەی ئێستا لە تاران باڵادەستن، ئاشتیش بە قەدەر شەڕ بە مەترسیدار دەبینن؛ چونکە بە کۆتاییهاتنی شەڕ، دەبێت دووبارە ڕووبەڕووی تووڕەیی خەڵکی ئێران ببنەوە.
بلومبێرگ نووسیویەتی کۆماری ئیسلامی و هێزە سەربازییەکانی شەڕەکەیان بە سەرکەوتووییەوە بۆ کێبڕکێ لەسەر کۆنتڕۆڵکردنی گەرووی هۆرمۆز گۆڕی و بۆ ماوەیەک باڵادەست بوون، بەڵام چیتر وا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزی دەریایی ئەمریکا لەلایەکەوە بە سەرکەوتوویی ڕێگریی لە هەناردەی نەوتی ئێران کردووە، لەلایەکی دیکەشەوە ئەمنییەتی گەرووەکەی پاراستووە بۆ ئەوەی کەشتیی وڵاتانی تر بە بێ کێشە هاتوچۆ بکەن.
لە کۆتاییدا بلومبێرگ ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی هەڕەشەی گەشەپێدانی شەڕ بە شێوازە ناهاوسەنگەکان دەکات؛ نەک تەنیا لە کەنداودا، بەڵکوو لە دەرەوەی ناوچەکەش.
لەم چوارچێوەیەدا ئاماژە بە دەسبەسەرکردنی پێنج کەس لە بریتانیا کراوە بە تۆمەتی داڕشتنی پیلانی تێکدان لە بنکەیەکی ئاسمانیی ئەمریکا؛ ئەگەرچی ئێران ڕەتی کردووەتەوە و بەڵگەی سەلمێنراو نییە، بەڵام ئەمە نموونەیەک لەو کردەوانەیە کە ڕێژیمی ئێران توانای ئەنجامدانیانی هەیە.