کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی هێرش و بەئامانجگرتنی نەوتهەڵگرەکان لە ئاوەکانی کەنداو

14:10 - 11 رەزبەر 2726

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بریتانیا، لە درێژەی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر کەشتیوانیی نێودەوڵەتی لە ناوچەکەدا، کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە دووریی چوار مایل لە ڕۆژهەڵاتی عومان بە هاوێژراوێکی نەناسراو کرایە ئامانج.

ئەو ڕێکخراوە ئاشکرای کرد کە ئەم هێرشە بەرەبەیانیی شەممە ١١ی ڕەزبەر ڕووی داوە و هاوێژراوەکە بەر لای چەپی نەوتهەڵگرەکە کەوتووە.

سەرەڕای پێکرانەکە، سەرجەم کارمەند و خەدەمەی کەشتییەکە لە سەلامەتیی تەواودان و هیچ زیانێکی ژینگەیی لە شوێنی ڕووداوەکە تۆمار نەکراوە.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر لە ڕۆژی هەینیش نەوتهەڵگرێکی دیکە لە کاتی دەرچوونی لە گەرووی هۆرمۆز کرابووە ئامانج، کە بووە هۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی سنووردار و بڕانی کارەبا، بەڵام خەدەمەی کەشتییەکە توانییان ئاگرەکە بکوژێننەوە و درێژە بە ڕێگەی خۆیان بدەن.

ئەم زنجیرە هێرشانە لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە مانگەکانی ڕابردوودا بە مەبەستی سەپاندنی کۆنتڕۆڵ بەسەر گەرووی هۆرمۆزدا، پەلامارەکانی بۆ سەر کەشتیگەلی بازرگانی چڕتر کردووەتەوە؛ کردەوەیەک کە پێشتریش کاردانەوەی سەربازیی ئەمریکای لێکەوتووەتەوە.

لە وڵامی ئەم هەڕەشانەدا، وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزە لە کەنداودا پەنایان بۆ ڕێگە جێگرەوەکانی وەک هێڵی لوولەی ئێمارات بۆ فوجەیرە لە دەریای عومان و بەکارهێنانی دەریای سور بردووە، کە توانیویانە ئاستی هەناردەکردن لە ئاستی پێش ئاڵۆزییەکان نزیک بکەنەوە.