مای ساتۆ، ڕێپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە بەیاننامەیەکدا ڕەخنەی توندی لە "یاسای توندکردنەوەی سزادانی سیخوڕی" لە ئێران گرت و داوای لە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی کرد دەستبەجێ حوکمەکانی لەسێدارەدان بە بیانووی وێنەگرتن یان ناردنی زانیاری ڕابگرن.
ساتۆ ڕوونی کردەوە کە یاسای پەسەندکراوی ساڵی ١٤٠٤، بە بەکارهێنانی دەستەواژەی گشتی و هەروەها ناڕوونی، تەنانەت ڕەوانەکردنی وێنە بۆ ڕاگەیاندنە دەرەکییەکان یان هەبوونی ئامێری ئینتێرنێتی ماهوارەیی وەک "ستارلینک"ی کردووەتە تاوان.
بەپێی زانیارییەکانی ناوبراو، لە سەرەتای ساڵەوە لانیکەم ١١ کەس بەپێی ئەم یاسایە لە سێدارە دراون و ژمارەیەکی زۆری دیکەش لە مەترسیی توندی جێبەجێکردنی سزاداندان.
ڕێپۆرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بە دۆسییەی حوسێن و حەسەن ئەمیری دا؛ دوو برای دووانە کە تەنیا بەهۆی بوونی وێنەی شوێنێکی بۆردومانکراو لەسەر مۆبایلەکانیان و لەژێر ئەشکەنجەی تونددا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ کراون و حوکمی سێدارەیان بەسەردا سەپێنراوە.
ساتۆ جەختی کردەوە کە هیچ بارودۆخێکی نائاسایی یان بیانوویەکی ئەمنییەتی میللی ناتوانێت سزادانی کوشتن بۆ هاووڵاتییان لەسەر تۆمارکردنی وێنە ڕەوا بکات.