لە ١٩ـەمین ساڵی شانۆی سەرشەقامی مەریواندا، شانۆیەک بە ناوی "سایلێنت" کە ژیانی کۆڵبەران، ڕەنج، هەژاری و ئەو دۆخەی کە لاوانی کوردستانی بەرەو یەکێک لە دژوارترین و مەترسیدارترین ڕێگاکانی دابینکردنی بژێوی ژیان ڕاکێشاوە، نمایش کرا.
ئەم شانۆیە لە نووسین و دەرهێنانی سەید سۆران حوسێنی و بە ئامادەبوونی نزیکەی ٩٠ ئەکتەر بەڕێوە چوو.
"سایلێنت" لە چوارڕێیانی "شەبڕەنگ"ی مەریوانەوە دەستپێکرد و دوای نزیکەی سێ کاتژمێر، لە تەنیشت زرێبار کۆتایی هات.
بابەتی شانۆکە، ژیانی ئەو کۆڵبەرانەی وێنا کرد کە بۆ دابینکردنی تێچووی ژیان، باری قورسی هەژاری و بێکاری لەسەر شانیان هەڵدەگرن و ڕێگا سنووری و چیاکان دەبڕن؛ ڕێگایەک کە بۆ زۆرینەیان تەنیا بە مانای دژواریی کار نییە، بەڵکوو مەترسیی مەرگیش هەمیشە لە سەر ڕێگایە.
بەڕێوەبەرانی ئەو شانۆیە ڕایانگەیاندووە، کە "سایلێنت" ئەمجارە یەکێک لە ئازارە قووڵەکانی کۆمەڵگەی کوردستانی هێناوەتە سەر شەقام؛ ڕەنجی ئەو کۆڵبەرانەی کە بە بێدەنگی لە چیاکان دەپەڕنەوە، بەڵام ئێستا چیرۆکی ژیانیان لە شەقامەکانی شاردا دەبیسترێت.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان، لە ساڵی ٢٠٢٥دا، لانیکەم ١٩ کۆڵبەر گیانیان لەدەست داوە کە ١٥ کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ڕێژیمی ئێرانەوە کوژراون.
شایانی باسە مەریوان چەندین ساڵە یەکێکە لە ناوەندە گرنگەکانی شانۆی سەرشەقامە لە ئێران و جیهاندا، شارێک کە تێیدا شەقام تەنیا شوێنی تێپەڕبوونی خەڵک نییە، بەڵکوو چەندین جار بووەتە شوێنێک بۆ ڕەنگدانەوەی کێشە کۆمەڵایەتییەکان و ژیانی خەڵک.
فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان یەکێک لە گەورەترین فێستیڤاڵە هونەرییەکانە لەسەر ئاستی ئێران و جیهاندا کە لە ١٩ساڵە لە مەریوان دەستی پێکردووە و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر هونەرمەندی بواری شانۆ، بۆ بەشداریکردن لەم فێستیڤاڵەدا لە ئاستی کوردستان، ئێران، ناوچەکە و جیهاندا خۆیان ئامادە دەکەن.