کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی مافی مرۆڤ لە ئێران لە نۆروێژ

13:45 - 5 رەزبەر 2726

لە ڕۆژانی ۲۵ و ۲۶ی سێپتەمبەری ۲۰۲۶دا، بە دەستپێشخەری و میوانداریی «ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران»، کۆنفرانسێک لەژێر سەردێڕی «قەیرانی مافی مرۆڤ لە ئێران» لە بنکەی ئەکادیمیای زانستی ئۆسلۆ، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی هێزە سیاسییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، دەیان کەسایەتیی سیاسی، میدیایی و چالاکانی مافی مرۆڤ بەڕێوەچوو.

مەبەست لەو کۆنفرانسە، ئیمزاکردنی کۆمەڵێک پرەنسیپی لانیکەمی مافی مرۆڤ بوو کە بە پێشنیار و نێوبژیوانیی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، لەلایەن پازدە ڕێکخراوی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانەوە، لە ساڵێک لەمەوبەرەوە لەو پێوەندییەدا لە گفتوگۆدا بوون. ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسەکە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی سیاسی یان یەکخستنی بۆچوونە جیاوازەکان سەبارەت بە بەدیلی (ئاڵتێرناتیڤی) کۆماری ئیسلامی نەبوو؛ بەڵکوو دۆزینەوەی بنەما هاوبەشەکانی مافی مرۆڤ و گفتوگۆکردن بوو لەسەر چۆنیەتیی کاری هاوبەش بۆ دابینکردنی ماف و کەرامەتی هەموو هاووڵاتییەک لە ئێراندا.

لە دەستپێکی کۆنفرانسەکەدا، داوا لە نوێنەری لایەنە سیاسییە ئیمزاکارەکانی بەڵگەنامەی پرەنسیپە لانیکەمییەکانی مافی مرۆڤ لە قۆناغی ڕاگواستندا کرا کە بە نۆرە ئیمزای خۆیان بخەنە سەر دۆکیۆمێنتی فەرمیی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ. دواتر مەحموود ئەمیری موقەدەم، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، وێڕای ئاماژەیەکی کورت بە پڕۆسەی ئامادەکردن و پەسەندکردنی ئەو پرەنسیپانە، و خوێندنەوەی ناوی پێنج لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی کە بە هۆی بوونیان لە نێوخۆی وڵات یان بەربەستی سەفەر نەیانتوانیبوو بە شێوەی ڕاستەوخۆ بەشدار بن، کۆنفرانسەکەی بە فەرمی کردەوە.

دواتر نوێنەرانی حیزب و لایەنە سیاسییەکان لە سێ پانێلی جیاوازدا، باسەکانی خۆیان لەبارەی هۆکار و پاڵنەرەکانی بەشدارییان لەو ڕەوتەدا و هەروەها ڕوانگە و چاوەڕوانییەکانیان بۆ هەنگاوەکانی داهاتوو خستە ڕوو:

بەشدارانی پانێلی یەکەم:

• حیشمەتوڵڵا تەبەرزەدی لەلایەن «بەرەی دێموکراتیکی ئێران» (پەیامەکەی بە دەنگ لە زیندانەوە ناردبوو).

• حافز فازڵی لەلایەن «حیزبی هاوپێوەندیی دێموکراتیکی ئەهواز».

• فەرزانە عەزیمی لەلایەن «حیزبی چەپی ئێران».

• یونس شاملی لەلایەن «حیزبی دێموکراتی ئازەربایجان».

• ئاسۆ حەسەنزادە لەلایەن «حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران».

بەشدارانی پانێلی دووەم:

• دوومان ڕادمێهر لەلایەن «حیزبی دێموکراسی و گەشەپێدانی ئازەربایجان».

• ئاهوەن چیاکۆ لەلایەن «پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)».

• حەمید تەقوایی لەلایەن «حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری».

• ناهید بەهمەنی لەلایەن «کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران».

بەشدارانی پانێلی سێیەم:

• فەریبا محەممەدی لەلایەن «کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان».

• ناسر بوڵیدەیی لەلایەن «حیزبی خەڵکی بەلووچستان».

• شیلان میرزایی لەلایەن «شورای ڕاهبوردیی کۆماریخوازانی نێوخۆی وڵات» (لە ڕێگەی ڤیدیۆوە).

• عەبدولڕەحمان دیەجی لەلایەن «شورای هاوکاریی تورکمەن سەحرا».

• حوسێن بەحیرایی لەلایەن «هاوپێوەندیی کۆماریخوازانی ئێران».

کۆتایی کۆنفرانس و بەشداریی شاندی حیزبی دێموکرات:

لە کۆتایی کۆنفرانسەکەدا، مەحموود ئەمیری موقەدەم وێڕای دەربڕینی پێزانین و سوپاس بۆ لایەنە سیاسییە بەشدارەکانی ڕەوتی مافی مرۆڤی ئۆسلۆ، سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتووی ئەم پڕۆسەیە چەند سەرنجێکی پێشکەش کرد.

پێویستە بگوترێ شاندی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەو کۆنفرانسەدا پێکهاتبوو لە هاوڕێیان: ئاسۆ حەسەنزادە، قادر ڕەسوولی، گوڵان هیجری و ئەسعەد خزری. هەروەها لە ڕۆژی یەکەمی ئەو کۆنفرانسەدا کە بۆ وتووێژی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە پشت دەرگا داخراوەکان تەرخان کرابوو، ئاسۆ حەسەنزادە بە هاوڕێیەتیی قادر ڕەسوولی بەشدار بوو.