دارستانەکانی «حەفت کەشان»ی نۆدشە لە سەر بە شاری پاوه، لە ناوچەی نێوان هەجیج و نۆدشە لەلایەن دوژمنانی کوردستانەوە ئاگری تێبەردرا، دوای ۱۱ کاتژمێر هەوڵی چالاکانی ژینگەیی ئەنجومەنی «ژیوای پاوه» و ئەنجومەنی «ویر»ی نۆدشەوە کۆنتڕۆڵ کرا و ڕێگریی لە زیانی زیاتر بە ژینگەی ناوچەکە کرا.
ئەنجومەنی ژیوای پاوه لەم بارەیەوە ڕایگەیاند؛ ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکانی حەفت کەشانی نۆدشە شەوی ۳ی ڕەزبەری ۱۴۰۵، دوای نزیکەی ۱۱ کاتژمێر هەوڵی بێوچانی ئەندامانی ئەنجومەنی «ژیوای» پاوە و ئەنجومەنی «ویر»ی نۆدشەوە کۆنتڕۆڵ کرا.
ئەو ئەنجومەنە جەختی لەوە کردەوە کە بەهۆی لێژی و سەختیی ناوچەکەوە، هێشتا ئەگەری کەوتنەخوارەوەی قەدی دارە نیوەسووتووەکان و لە ئەنجامدا سەرهەڵدانەوەی ئاگر هەیە و دۆخی ناوچەکە پێویستی بە چاوەدێری و پشکنین هەیە.
هەروەها ئەم ئەنجومەنە ڕایگەیاندووە، دوو تیم و گرووپی ئۆپەراسیۆنی ئەنجومەنی ژیوای پاوه لە دوو قۆناغدا ڕەوانەی شوێنەکە کراون و لە تەنیشت هێزەکانی تری چالاکوانی ژینگەییەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی بۆ دارستانەکانی تر هەوڵیان داوە.
ناوچەی چیا و سەوزایی «حەفت کەشان» لە نزیک شاری نۆدشە و نەوسوود لە سەر بە شاری پاوه لە پارێزگای کرماشان و لە دڵی ڕێگا چیاکانی هەورامان هەڵکەوتووە.
ئەم ناوچەیە بەهۆی داپۆشراوی ڕووەکی دەوڵەمەند، دارستانە چڕەکانی بەڕوو، وەن و داری میوە و هەروەها کانی و ڕووبار لەنێو بەرزاییەکانی زاگرۆسدا دەناسرێت و سەرەڕای جوانییە سروشتییە بێوێنەکانی، بەهۆی مێژووەکەیەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە.