کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بریتانیا سەبارەت بە چالاکییە دوژمنکارانەکانی ڕێژیم ئێران لەنێو خاکی وڵاتەکەی هۆشداریی توندی دا

14:33 - 4 رەزبەر 2726

ئێد مێڵێبێند، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، لە دیدارێکیدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، هۆشداریی دا کە لەندەن هەرچەشنە ترساندن، هەڕەشە یان چالاکییەکی دوژمنکارانەی گرووپە پەیوەندیدارەکان بە کۆماری ئیسلامی لە خاکی بریتانیادا قەبووڵ ناکات.

وەزارەتی دەرەوەی بریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی ڕەزبەر، لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرکدا، ڕایگەیاند کە شەڕی ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێویستیی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز و هەڕەشە ئەمنییەکانی پەیوەندیدار بە گرووپەکانی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، لە تەوەرەکانی ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ عێراقچی بووە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی لەندەن، مێڵێبێند جەختی لەسەر ئیرادەی «نەگۆڕی» بریتانیا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم هەڕەشانە، لەوانەش هێرشەکان دژ بە کۆمەڵگەی جوولە لەو وڵاتەدا، و ڕێوشوێنەکانی حکوومەتی بۆ وڵامدانەوەی ئەو کارانە بۆ عێراقچی شی کردووەتەوە.

ئەم بڕیارە دوای زنجیرەیەک هێرشی دژەجوولەکە و هێرش بۆ سەر میدیا فارسی زمانەکان لە لەندەن دەرکرا.

هۆشدارییەکەی مێڵێبێند چەند ڕۆژێک دوای ئەوە بوو کە ناوەندی نیشتمانیی ئاسایشی سایبێریی بریتانیا ڕایگەیاند کە بریکارە سایبێرییە پەیوەندیدارەکان بە ڕێژیمی ئێران چەند ئامێری سیخوڕی بە ناوی «چۆزەن بریگ» بۆ دزینی زانیارییە هەستیارەکان بەکار هێناوە.

هەرچەند ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی پێشتر تۆمەتی بەکارهێنانی هێزە نیابەتییەکانی بۆ جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆن لە بریتانیا ڕەت کردبووە، بەڵام بەرپرسانی ئەمنیی بریتانیا ڕایانگەیاندووە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ تا ٢٠٢٥، لانیکەم ٢٠ پیلانی پەیوەندیدار بە ڕێژیمی ئێران بۆ کوشتنی هاووڵاتییان یان دانیشتووانی بریتانیایان پووچەڵ کردووەتەوە.

شایانی باسە حکوومەتی بریتانیا لە مانگی پووشپەڕدا بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتە نوێیەکانی یاسای ئاسایشی نیشتمانی، پشتیوانیکردن لە سپای پاسداران و (بززووتنەوەی ئەسحابی یەمینی ئیسلامی)، کە گرووپێکی سەر بە کۆماری ئیسلامییەوە، قەدەغە کرد.

بزووتنەوەی ئەسحابی یەمینی ئیسلامی، هەتا ئێستا بەرپرسیاریەتیی حەوت هێرشی بۆ سەر شوێنە پەیوەندیدارەکان بە کۆمەڵگەی جوولەکە و ئیسرائیلییەکان و میدیا فارسی زمانەکانی گرتووەتە ئەستۆ.