کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی لوبنان لە نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشەکانی ڕێژیمی ئێرانی بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی مەحکووم کرد

14:30 - 4 رەزبەر 2726

نەواف سەلام بە جەختکردنەوە لەوەی کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی و قۆرخکردنی چەک تەنها لە دەسەڵاتی حکوومەتی لوبناندا دەبێت، قەیرانی ئێستای بە شەڕێکی «سەپێنراو» وەسف کرد و بەتوندی هێرشەکانی ڕێژیمی تارانی بۆ سەر وڵاتانی کەنداو و ئۆردۆن مەحکووم کرد.

نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، ڕۆژی هەینی لە وتارەکەیدا لە ٨١ـەمین خولی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک ڕایگەیاند کە سەروەریی نیشتمانیی لوبنان دابەش نەکراوە و شەڕی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا، سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکان لە مەترسییەکانی تێوەگلان تێیدا، بەسەر خەڵک و وڵاتی لوبناندا سەپێنراوە.

سەرۆکوەزیرانی لوبنان بە جەختکردنەوە لەسەر چەکداماڵینی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی تاران زیادی کرد: «هیچکەس مافی ئەوەی نییە بە ناوی لوبنانەوە قسە بکات یان دانوستان بکات؛ ئەم مافە بە تەنها هی حکوومەتی لوبنانە».

ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە چەک تەنها لە دەستی هێزە حکوومییەکاندا بێت و دەسەڵاتی بڕیاردان لەسەر شەڕ و ئاشتی تەنها لە چوارچێوەی دەزگا دەستووری و یاساییەکاندا دەبێت.

نەواف سەلام لە بەشێکی تری وتارەکەیدا، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی بەهۆی ناسەقامگیرکردنی ناوچەکەوە خستە بەر ڕەخنەی توند و ڕایگەیاند: «لوبنان لە بەرانبەر هێرشەکانی ڕێژیمی ئێراندا هاوخەمیی خۆی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و شانشینی ئۆردۆن دەردەبڕێت؛ ئەو هێرشانەی کە ئاسایشی ناوچەکە و ئازادی و ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی نێودەوڵەتی بە ڕاستەوخۆ دەخەنە مەترسییەوە».

ڕێژیمی تاران لە سەرەتای شەڕی ٤٠ ڕۆژەوە، بە شێوەی ڕۆژانە و بەردەوام وڵاتانی کەنداو و ئۆردۆنی بە پاساوی بوونی هێزەکانی ئەمریکا کردووەتە ئامانجی هێرشی مووشەکی و دڕۆنی.