کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە گرانیی کەرەستەی خاوەوە تا پچڕانی کارەبا و گاز؛ تەنگژەی بەرهەمهێنان لە ئێراندا قووڵتر بووەتەوە

14:15 - 4 رەزبەر 2726

ڕۆژنامەی "جیهانی سەنعەت" لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە بەرزبوونەوەی کێشەکانی بەرهەمهێنەرانی ئێرانی کردووە. بەرزبوونەوەی نرخی کەرەستەی خاو و مووچەکان، شڵەژانی نرخی دراو، پچڕانی کارەبا و گاز، سەختیی وەرگرتنی ئاسانکارییە بانکییەکان و گۆڕانی بەردەوامی یاساوڕێساکان، گوشارێکی زۆریان خستووەتە سەر یەکە بەرهەمهێنەرەکان.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، کەرەستەی خاو لە هەندێک پیشەسازیدا تا ٧٠٪ی تێچووی بەرهەمهێنان پێکدەهێنێت و شڵەژانی نرخ و بەستراوەیی بە هاوردەکردنەوە، بەرنامەڕێژیی بەرهەمهێنانی سەخت کردووەتەوە.

پچڕانی یەک لە دوای یەکی وزەش بە هۆی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان و زیادبوونی تێچووەکانی وەک کڕینی ژێنێراتۆر و سووتەمەنی جێگرەوە، کێشەکانی زیاتر کردووە.

ئەم ڕۆژنامەیە هەروەها هۆشداریی داوە کە داڕزانی ئامێرەکان، کەمبوونەوەی بەرهەمداری و کەمیی نەختینە، هەندێک لە یەکە بەرهەمهێنەرەکانی لەگەڵ مەترسیی کەمکردنەوەی هێزی کار یان داخران ڕووبەڕوو کردووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئامار، ئابووریی ئێران لە بەهاری ئەمساڵدا بە ڕێژەی ١٠.١٪ بچووکتر بووەتەوە.