کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دیاریکردنی ساڵانە ۲۰۰ هەزار تووشبووی نوێی شێرپەنجە لە ئێراندا

14:22 - 4 رەزبەر 2726

سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆئانکۆلۆژیی ئێران ڕایگەیاند ساڵانە نزیکەی ۲۰۰ هەزار کەسی نوێ لە ئێراندا وەک تووشبووی شێرپەنجە دەستنیشان دەکرێن و ئەم نەخۆشییە بووەتە یەکێک لە گرنگترین ئاستەنگە تەندروستییەکانی ئێران.

عەلی موتڵەق، سەرۆکی ئەنجومەنی ڕادیۆئانکۆلۆژی لە پەراوێزی کۆنگرەی پەرستاریی ئانکۆلۆژیدا ڕاگەیاند، بەرزبوونەوەی ڕێژەی تووشبوون پێویستە لەگەڵ هۆکارەکانی وەک بەساڵاچوونی تەمەنی دانیشتووان و زیادبوونی هیوا بە ژیان هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بەربڵاویی شێرپەنجەکانی پرۆستات، مەمک و ڕیخۆڵە، جەختی لە گرنگیی دەستنیشانکردنی خێرا و کۆنتڕۆڵکردنی هۆکارەکانی مەترسی کردەوە.

هاوكات عەلی تەقیزادە، سکرتێری ئەنجومەنەکە ئاماژەی بەوە دا کە هاتنەئارای دەرمانە نوێیەکان و شێوازەکانی چارەسەری ئامانجدار و ڕادیۆدەرمانەکان، ئاڵۆزییەکانی چاوەدێریی نەخۆشانی زیاتر کردووە.

هەڵکشانی ئاماری تووشبوون بە شێرپەنجە لە ئێران لەکاتێکدایە کە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی دواییدا لە دابینکردنی پێداویستییە دەرمانییەکانی ئەم نەخۆشانە شکستی ھێناوە و بەهۆی هەڵاوسان و بڕینی پاڵپشتییە داراییەکان، نرخی دەرمانەکانی شێرپەنجە چەندین بەرانبەر زیادی کردووە و بارگرانییەکی قورسی خستووەتە سەر شانی بنەماڵەکانیان.