کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنی: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر سێدارەدانەکان لە ئێران کەمتەرخەمە

09:40 - 4 رەزبەر 2726

یانز یانشا، سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنی لە هۆڵی کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک، ڕەخنەی توندی لە بێدەنگی و کاردانەوەی لاوازی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر شەپۆلی سێدارەدان، کوشتنی ڕۆشنبیرانی لاو و دژبەرانی کۆماری ئیسلامیی ئێران گرت و داوای کرد هەنگاوی کردەیی بنرێت.

سەرۆکوەزیرانی سلۆڤێنی جەختی کردەوە کە زۆر جار ئامادە نین لە ئاستی پێویستدا سەرکۆنەی سێدارەدان و پێشێلکارییە بەربڵاوەکانی مافی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیمێکەوە بکەن کە دەیەوێت کۆنتڕۆڵی تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری بگرێتە دەست.

لە هەمان کۆبوونەوەدا، بێنیامین نێتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، وڵاتانی بێدەنگی بە دووڕوو ناو برد و ڕایگەیاند لە داهاتوودا ئیرادەی خەڵک بەسەر ئەم ڕێژیمە ستەمکارەدا سەردەکەوێت.

هاوکات دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا، کۆماری ئیسلامیی بە بەرپرسیاری کوژرانی ٧٢ هەزار ناڕازی لە مانگەکانی ڕابردوودا زانی و لە مەترسیی دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی هۆشداریی دا.

ئەم هەڵوێستە توندانەی سەرکردەکانی جیهان لەکاتێکدایە کە مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ئێران لە وتارەکەیدا لە هەمان کۆبوونەوەدا بە ئاشکرا بەرگریی لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکان کرد و بە "ئاژاوەگێڕی بەهاندانی ئەمریکا و ئیسرائیل" وەسفی کردن.