ڕۆژی پێنجشەممە ۲ی ڕەزبەری ۱٤۰٥ی هەتاوی، سەید عەبدوڵڵا حوسێنی کوڕی سەید خوداموراد، خەڵکی ئاوایی بۆڕیەر لە ناوچەی ژاوەرۆی مەریوان، بە هۆی نەخۆشی و جەڵتەی مێشک لە تەمەنی ۷۹ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.
سەید عەبدوڵڵا کە سەرەتای شۆڕشدا وێڕای برا شەهیدەکەی وەک هێزی بەرگریی میللی لە ڕیزی حیزبی دیمۆکراتدا تێکۆشانی دەست پێکرد. پاش داگیرکردنەوەی ناوچە ڕزگارکراوەکان لەلایەن ڕێژیمەوە وەک ئەندامی نهێنیی حیزب چالاکانە ئەرکی حیزبی بەڕێوە دەبرد.
سەید عەبدوڵڵا ماوەی نزیک بە ۲۰ ساڵ بە هۆی نەخوشییەوە توانای کارکردنی لێبڕا. لە ساڵانی خەباتی چەکداریی دەیەی ٦۰ و ۷۰دا باخ و مەزراکەی شوێنی حەوانەوە و خۆی یارمەتیدەری کادر و پێشمەرگەکانی مەڵبەندی ۱ی کوردستان و هێزی زاگرۆس بوو.
لە دەیەکانی ٦۰ و ۷۰ یەکێک لە ئەندامە چالاکەکانی حیزب بوو کە هەمیشە بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکی تەشکیلاتی ئامادە بوو.
هۆگریی سەید عەبدوڵڵا بە حیزبی دێموکرات دەگەڕێتەوە بۆ سەر ڕێبازی براکەی بە ناوی سەید ڕەشید حوسێنی کە ساڵی ۱۳٥۹ لە شەڕی دزڵی لەگەڵ دوژمن شەهید بوو.
ئاواتی سەید عەبدوڵڵا ڕزگاری نیشتمانەکەی و وەدیهاتنی ئامانجی برا شەهیدەکەی بوو.
بەداخەوە مەرگ مەودای نەدا ئاواتە کانی بێنە دی.
تەرمی ناوبراو هەمان ڕۆژ لە گۆڕستانی ئاوایی بۆڕیەر لە ناو ئاپۆڕای خەڵکی بۆڕیەر و دەوروبەری بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپیردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.