عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، تاران لە ڕێگەی نێوانگیرەکانەوە گەڵاڵەیەکی تازەی ڕادەستی ئەمریکا کردووە کە بەپێی ئەوە، لە ئەگەری قەبووڵکردنی مەرجەکانی لەلایەن واشینگتۆنەوە، گەرووی هۆرمۆز لە ماوەی حەوت ڕۆژدا دەکرێتەوە و دانوستانەکانیش دەست پێدەکەنەوە.
نیویۆرک تایمز و فاینەنشاڵ تایمز ئاماژەیان بەوە کردووە کە عێراقچی لە پەراوێزی کۆڕی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆیۆرک، جەختی لەوە کردووەتەوە خواستەکانی تاران لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی «ئیسلام ئاباد»دان کە پێشتر بە نێوانگیریی پاکستان و قەتەر لەسەری ڕێککەوتبوون. ئەم لێکتێگەیشتنە بڕگەگەلێکی وەک ڕاگرتنی کردەوە سەربازییەکان، هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران، ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆز، مۆڵەتی هەناردەکردنی نەوت و ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێرانی لەخۆ دەگرت.
عێراقچی ڕایگەیاندووە تاران پێی باشە ڕێککەوتنەکە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی نۆڤامبری ئەمریکا بێت، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی کۆشکی سپیدایە. هاوكات، بەرپرسێکی ئەمریکی بێ ئەوەی ڕاستەوخۆ پشتڕاستی وەرگرتنی گەڵاڵەکە بکاتەوە، ڕایگەیاندووە کە گفتوگۆی ئەرێنی لە ڕێگەی نێوانگیرەکانەوە بەردەوامە.