سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، ڕایگەیاند لە ئەنجامی جێبەجێکردنی گەڵاڵەی «ئۆپەراسیۆنی دوورخستنەوەی ئابووری»، نزیکەی ٨٠ تا ٩٠٪ی گەشتە ئاسمانییە دەرەکییەکانی ئێران ڕاگیراون. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە گوشارە ئابوورییەکان بۆ سەر تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێوێنە و واشینگتۆن لە ڕێگەی هاوکاری لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە وەک ئێمارات و تورکیە، سەرقاڵی دابڕینی تۆڕە بانکی و داراییەکانی کۆماری ئیسلامییە.
لە بەرانبەردا، موحسن ڕەزایی، بەرپرسی شۆرای باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ڕێژیمی ئێران، هۆشداری دایە وڵاتانی دراوسێ و ڕایگەیاند، ئەگەر لە جێبەجێکردنی سزاکانی ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی پەروازەکانی ئێران هاوکار بن، کۆماری ئیسلامیش بە هەمان شێوە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتانە پەک دەخات.
ئەم گرژییانە لەکاتێکدایە کە چین سزاکانی ئەمریکای بە ناپێویست و یەکلایەنە وەسف کردووە. لەلایەکی ترەوە، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا جەختی کردەوە کە ئامانجی کۆتاییی ئەم گوشارانە، ناچارکردنی تاران بۆ ملدان بە ڕێککەوتنێکی بەردەوام و پابەندبوون بەو ڕێککەوتنەیە.