کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کانادا سزای نوێی بەسەر ٥ بەرپرس و ٥ دامەزراوەی کۆماری ئیسلامیدا سەپاند

13:21 - 2 رەزبەر 2726

وەزارەتی دەرەوەی کانادا ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەر خولێکی نوێی سزاکانی دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕاگەیاند، کە پێنج بەرپرسی باڵای ئەمنی و حکوومی و پێنج دامەزراوەی فەرمیی ڕێژیم دەکاتە ئامانج.

بەپێی بەیاننامەی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی کانادا، ئەم کەسایەتی و دامەزراوانە بەهۆی ڕۆڵی ڕاستەوخۆیان لە سەرکوتکردنی توندوتیژانەی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان، سنووردارکردنی ئازادییە سەرەتایییەکان، چاودێریی دیجیتاڵی، سانسۆر، دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و تۆقاندنی هاوڵاتییان خراونەتە لیستی ڕەشەوە.

ئەم بڕیارەی ئۆتاوا لە درێژەی کاردانەوە نێودەوڵەتییەکان بەرانبەر شەپۆلی سەرکوتی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی مانگی بەفرانباری ١٤٠٤ـە کە بە یەکێک لە گەورەترین ڕاپەڕینەکانی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئەژمار دەکرێت. لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیم ژمارەی کوژراوانی ئەو ڕاپەڕینەیان بە زیاتر لە ٣٧٠٠ کەس ڕاگەیاند و تۆمەتەکانیان خستە ئەستۆی وڵاتانی دەرەکی، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ جەخت دەکەنەوە کە ئاماری ڕاستەقینەی قوربانییان زۆر لەوە بەرزترە و هێزە ئەمنییەکان بە بەکارهێنانی چەکی قورس و تەقەی ڕاستەوخۆ سەرکوتی خەڵکیان کردووە.

دەوڵەتی کانادا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ساڵی ٢٠٠٢ەوە تا ئێستا، ٢٤ خولی سزای ئابووری و سیاسیی بەسەر کۆماری ئیسلامیدا سەپاندووە کە لە کۆیدا ٢٣٧ کەسایەتی و ٢٦٥ دامەزراوە و ناوەندی ئێرانیی گرتووەتەوە.