کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچێ دوایی پێشمەرگەی پێشووی حیزب لە بۆکان

10:35 - 2 رەزبەر 2726

ڕۆژی چوارشەممە ١ی ڕەزبەری ١٤٠٥، حاجی عەزیز شەریفی خەڵکی شاری بۆکان، پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ٦٥ ساڵیدا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

حاجی عەزیز کەسێکی متمانەپێکراو، نیشتمانپەروەر، حیزبخۆشەویست و پێشمەرگەدۆست بووە.

ناوبراو هەروەها لە ساڵەکانی ٥٨ و ٥٩ی هەتاویدا پێشمەرگە بووە و خزمەتی بە خەباتی ڕەوای گەلەکەی لە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتدا کردووە.

هاوکات ناوبراو برای کاک عەبدوڵڵا شەریفی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکراتە کە لە ساڵی ١٣٦٣ هەتاویدا، لە شاروێرانی مەهاباد لە تێکهەڵچوونێک لەگەڵ هێزی داگیرکەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی شەهید بوو.

حاجی عەزیز هەتا ئەو کاتەی لە ژیاندا بوو، هیچکات پشتی لە ئامانجە بەرزەکانی حیزبی دێموکرات نەکرد و شانازیی بەو چەند ساڵە پێشمەرگایەتی و ڕێبازی برا شەهیدەیەکەیەوە دەکرد.

تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شاری بۆکاندا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.