ڕۆژی سێشەممە ٣١ی خەرمانانی ١٤٠٥، کاک برایم مەحموودیان پێشمەرگەی پێشووی حیزبی دێموکرات، خەڵکی ئاوایی "بێتووش"ی سەردەشت، لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا، لە کاتی شوانی لە کێوەکانی دەوروبەری ئاوایی گوڵێنێ لە شاخ دەکەوێتە خوار و کۆچی دوایی کرد.
کاک برایم دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و تێکۆشانی ئاشکرای حیزبی دێموکرات، وەک زۆربەی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە بۆ بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەی چەکی پێشمەرگایەتیی کردە شان و ڕێبازی پڕسەروەریی حیزبی دێموکراتی گرتەبەر.
ناوبراو بۆ ماوەی ٤ ساڵ پێشمەرگە بووە و دڵسۆزانە خزمەتی کردووە و لە زۆربەی شەڕە بەرگرییەکانی ناوچەی سەردەشت بەشداری کردووە و لە لکی ٣ی هێزی ١١ی شەهید موعینی لە دەستەی ٥ی شەهید کوێخا مەحمود ئەرکی پێشمەرگانەی ڕاپەراندووە.
دواتر لەسەر ئیزنی حیزب گەڕایەوە نێو بنەماڵەکەی و پیشەی شوانی گرتەبەر و سەری بەرزی بۆ داواکارییە گڵاوەکانی ڕێژیمی تاران دانەنواند و هەتا کاتێک مابوو، سەربەرز و ڕووسوور بە گەل و نیشتمانەکەی مایەوە.
کاک برایم لە دوای وازهێنانی لە پێشمەرگایەتیش، کەسێکی پاک و دڵسۆز و وەفادار بە حیزب و گەلەکەی مایەوە.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی ناوچەی بێتووش و سەردەشتدا و لە زێدی خۆیدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.