کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرگەڕانی ماشینی کرێکاران لە سەقز ٦ کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

14:25 - 30 خەرمانان 2726

لە ئەنجامی وەرگەڕانی ماشینێکی هەڵگری کرێکارانی وەرزی لە ڕێگای سەقز-بۆکان، ژنە کرێکارێک گیانی لەدەست دا و پێنج کرێکاری تر بریندار بوون؛ ڕووداوێک کە جارێکی تر سەرنجی خستەوە سەر بێکاری، ناستانداردیی ڕێگاوبانەکان و خراپیی کوالێتیی ماشینە نێوخۆییەکان.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئێوارەی هەینی ٢٧ی خەرمانان، ماشینێکی جۆری پەیکان لە کاتی گەڕانەوەی کرێکارانی وەرزیی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان لە ڕێگەی سەقز بۆ بۆکان وەرگەڕا.

لەم ڕووداوەدا شەش کرێکار بریندار بوون و ڕوانەی نەخۆشخانەی شەفای سەقز کران و ڕۆژی دوشەممە ٢٩ی خەرمانان، ژنە کرێکارێک بە ناوی "مەعسوومە ڕەسووڵی"، دایکی سێ منداڵ کە چەند مانگ پێشتریش هاوسەرەکەی لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا لەدەست دابوو، بەهۆی سەختیی برینەکانیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

سیاسەتی پەراوێزخستنی ئابووری و نەبوونی هەلی کار، کرێکارانی کوردستانی ناچار بە کاری وەرزیی تاقەتپڕووکێن کردووە. کەمتەرخەمی لە ئاست سەلامەتیی کار، ڕێگاوبانی مەرگ و ماشینی بێ‌کوالێتی، ساڵانە گیانی کرێکاران و خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی.

شایانی باسە کە لە ڕووداوێکی هاوشێوە لە پیرانشار، ڕۆژی ٢١ی خەرمانان، ماشینێکی جۆری تۆیۆتا کە کرێکارانی وەرزیی کەرتی کشتوکاڵی دەگواستەوە، لە پێچی "کانی شینکە" لە ڕێگەی میراوا- پیرانشاردا کۆنتڕۆڵی لەدەست دا و وەرگەڕا و لەم ڕووداوەدا ١٦ کرێکار کە چەند کەسیان ژن بوون بەسەختی بریندار بوون.