باڵیۆزی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە واشنگتۆن ڕێگە نادات کۆماری ئیسلامی بە چەکی ئەتۆمی جیهان بکاتە بارمتە و جەختی لەسەر بەردەوامیی گوشاری زۆرینە کردەوە، هاوکات ڕاشیگەیاند کە دەرگای دیپلۆماسی هێشتا ئاوەڵایە.
مایک واڵتز ڕایگەیاند کە تاران گەورەترین پشتیوانی تێرۆرە و سەرۆککۆماری ئەمریکا سوورە لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدات ڕێژیمی ئێران جیهان یان گەرووی هۆرمۆز بخاتە ژێر سێبەری چەکی ئەتۆمییەوە.
بە وتەی واڵتز، ئەگەر تاران بە نیازپاکی بگەڕێتەوە، مێزی دانوستان ئاوەڵایە.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدان کە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕاپۆرتێکی نهێنیدا نیشانی داوە هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی پاشەکەوتی ئۆرانیۆمی ٦٠ لەسەدیی ئێران (کە زیاتر لە ٤٤٠ کیلۆگرەمە) لەبەر دەستدا نییە.
هاوکات مەجلیسی ڕێژیمی ئێران گەڵاڵەیەکی زۆر بەپەلە بۆ چوونەدەرەوە لە پەیماننامەی NPT ئامادە کردووە.
واڵتز جەختی کردەوە کە کۆماری ئیسلامی لە دوای ساڵی ١٣٥٧ـەوە لە بێهێزترین دۆخی خۆیدایە و ئاماژەی بە داڕمانی مێژوویی بەهای ڕیاڵ کرد.
ناوبراو وتی کە کات لە قازانجی ئەمریکادایە و هیواخوازە تاران لە ڕێگەی ئاشتییانەوە بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان.