کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پشتیوانیی شۆرای نەتەوەیی ئەهلی سوننەتی ئێران لە مانگرتنی گشتیی کوردستان لە ٢٥ی خەرماناندا

20:46 - 24 خەرمانان 2726

شۆرای نەتەوەیی ئەهلی سوننەتی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازی مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان، هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» ڕاگەیاند و ئەم هەنگاوەی بە جووڵانەوەیەکی مەدەنی، ئاشتیخوازانە و مافخوازانە وەسف کرد.

شۆرای نەتەوەیی ئەهلی سوننەتی ئێران لەم بەیاننامەیەدا بە ئاماژەدان بە دەیان ساڵ گوشار، بێبەشکردن، جیاکاری، سەرکوت و هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی دەنگی خەڵکی کوردستان، جەختی کردووەتەوە کە بێدەنگکردنی دەنگی نەتەوەیەک بە مانای کۆتاییهاتنی داواکاریی ئەو نەتەوەیە بۆ ئازادی، دادپەروەری و کەرامەتی مرۆیی نییە.

لە بەیاننامەکەدا هاتوو کە ئەزموون شایەتی دەدات هەر کاتێک ڕێگەی دەربڕینی ئازادانەی داواکارییەکانی خەڵک داخرابێت، ئەوان بە هاوپێوەندی، بێدەنگیی بەمانا، داخستنی بازاڕەکان، مانگرتن و شێوازە مەدەنییەکانی دیکە، خواستە ڕەواکانی خۆیان ئاراستە کردووە.

شۆرای نەتەوەیی ئەهلی سوننەتی ئێران پشتیوانیی خۆی بۆ تێکۆشان و دادخوازیی مەدەنیی حیزبەکان، هێزە سیاسییەکان، مامۆستایانی ئایینی، چالاکوانان، توێژەکان، ژنان، لاوان و سەرجەم خەڵکی کوردستان ڕاگەیاندووە کە لە چوارچێوەی ڕێگەگەلی ئاشتیخوازانەدا بۆ مافە مرۆییەکان، ئازادی، دادپەروەری و نەمانی جیاکاری هەوڵ دەدەن.

ئەم شۆرایە جەختی کردووەتەوە کە مانگرتنی گشتی، ئەگەر بە هۆشیاری، هاوپێوەندی و بەدوور لە توندوتیژی بەڕێوە بچێت، زمانی ڕەسای گەلێکە کە دەرفەتی بیسترانی دەنگیان لێ زەوت کراوە. هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە کوردستان و نەتەوەی کورد جارێکی دیکە نیشانی دەدەنەوە کە تەنانەت لە دۆخی بێدەنگکردنیشدا، بە یەکدەنگی و کەڵکوەرگرتن لە ئامرازە مەدەنییەکان، داوای مافی خۆیان دەکەن.

شۆرای نەتەوەیی ئەهلی سوننەتی ئێران داوای لە سەرجەم توێژەکانی خەڵکی کوردستان، بازاڕییان، کاسبکاران، کرێکاران، فەرمانبەران، خوێندکاران، مامۆستایان، ژنان، لاوان و چالاکانی مەدەنی کردووە لە چوارچێوەی توانا و دۆخی ئەمنییەتیی خۆیاندا، بە بەشداری لە مانگرتنی گشتی و شێوازەکانی دیکەی ناڕەزایەتیی مەدەنی، هاوپێوەندیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵە دادخوازەکان، قوربانییانی سەرکوت و سەرجەم ئازادیخوازان نیشان بدەن.

ئەم شۆرایە لە کۆتاییدا ڕایگەیاندووە کە باوەڕی وایە ڕێگەی بەدەستهێنانی مافە بەردەوامەکان لە هۆشیاری، یەکگرتوویی، دادخوازی، ڕێزگرتن لە کەرامەتی مرۆڤ و خەباتی مەدەنی و ئاشتیخوازانەوە دەپەڕێتەوە.