ڕۆژی دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ١٤٠٥، حاجی زەمان محەممەدپوور خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر و ئەندامی تێکۆشەری حیزبی دێموکرات، لە تەمەنی ٨۰ ساڵیدا بەهۆی پیری و نەخۆشییەوە لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری سنەدا کۆچی دوایی کرد.
حاجی زەمان دوای شۆڕشی گەلانی ئێران و دەستپێکردنی خەباتی ئاشکرای حیزب، لە یەکەمین کەسەکانی ناوچەی ژاوەرۆی سنە بوو کە وەک ئەندامێکی حیزب دەستی بە تێکۆشان کردووە.
هەروەها لە ماوەی خەباتی پێشمەرگانەدا، یەکێک لە متمانەپێکراوترین ئەندامانی حیزب بوو و بەو هۆیەوە بەرپرسانی ئەوکاتی حیزب لەڕووی متمانەوە، چەندین پێشمەرگەی برینداریان بە ناوبراو سپاردووە.
شایانی باسە بەهۆی هاوکاریی ناوبراو لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە ساڵی ٦٦ی هەتاوی، بۆ ماوەی ١٨ مانگ لەلایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا و کەوتە ژێر دڕندانەترین ئەشکەنجە و ئازارەکان و خۆڕاگرییەکەی بوو بە وێردی سەر زمانی خەڵکی ناوچەکە.
ناوبراو دوای ئازادکرانی لە زیندان، لە جاران بەورەتر درێژەی بە خەبات و هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە دا و ئاواتی گەورەی، ڕزگاریی کوردستان و ئازادیی نیشتمان بوو.
تەرمی ناوبراو لەنێو ئاپۆڕای خەڵکی شۆڕشگێری ناوچەی ژاوەرۆ و ئاوایی تەنگیسەر بە خاکی پیرۆزی نیشتمان سپێردرا.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.