ئەنجومەنی بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی فڕۆکەی PS752 لە چوارەمین ساڵوەگەڕی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی و بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" بەیاننامەیەکیان لەژێر ناوی "ئێمە بکوژانی ڕۆڵەکانمان نە لەبیر دەکەین و نە لێیان دەبوورین" بڵاو کردەوە.
لەو بەیاننامەیەدا هاتووە کە "چوار ساڵ بەسەر کوژرانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی ئەو بزووتنەوەیەدا تێدەپەڕێت کە ناوی ئەوی کردە «ڕەمز و هێما»ی گۆڕانکاری لە ئێراندا؛ بزووتنەوەیەک کە بە دروشمی «ژن، ژیان، ئازادی» دەستی پێکرد و بوو بە خواستێکی بەرفراوان بۆ ئازادی، یەکسانی و دادپەروەری".
لەو بەیاننمامەدا جەخت لەسەر بەردەوامیی بزووتنەوەی ژینا کرد و ڕایگەیاند: "دوای چوار ساڵ، سەرکوتکردن هێشتا بەردەوامە. کۆماری ئیسلامی هێشتا بە دەسبەسەرکردن، زیندان، لەسێدارەدان، هەڕەشە لە بنەماڵە دادخوازەکان و چالاکانی مەدەنی و بەکارهێنانی ئامرازە جۆراوجۆرەکان، هەوڵ دەدا دەنگی ناڕەزایەتی بێدەنگ بکات، بەڵام خەبات دژی بێدادی و دەسەڵاتی تاران بەردەوامە".
لە بەشێکی دیکەدا هاتووە کە "بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» گۆڕانکارییەکی وەهای لە کۆمەڵگەی ئێراندا دروست کرد کە بە سەرکوتکردن، دەسبەسەرکردن و هەڕەشە لەناو نەچووە و لەناویش ناچێت".
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە "بۆ ئێمە، بنەماڵەکانی گیانلەدەستداوانی فڕۆکەی PS752. ئێمە بەشێکین لە هەمان تۆڕی بەرفراوانی بنەماڵە دادخوازەکانی ئێران کە لە خاوەرانەوە تا خەزەڵوەری ٩٨ و فڕۆکەی PS752، لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی تا بەفرانباری ١٤٠٤ دەگرێتەوە".
هەروەها ئەو بنەماڵانە ڕایانگەیاندووە "لە چوارەمین ساڵیادی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»دا، یادی ژینا ئەمینی و هەموو ئەوانە بەرز ڕادەگرین کە لە ڕێگەی ئازادی و دادپەروەریدا گیانیان بەخشیوە و لە پاڵ ئەو بنەماڵانەدا دەوەستین کە هێشتا بۆ ڕاستی و دادپەروەری خەبات دەکەن".
شایانی باسە لەو بەیاننامەدا چەند جار پێداگریی لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە "ئێمە بکوژانی ڕۆڵەکانی ئێران نە لەبیر دەکەین و نە لێشیان دەبوورین".
شایانی باسە لە ماوەی یەک حەفتەی ڕابردوودا دەیان ڕێکخراوی مەدەنی و سیاسی لە سەرانسەری ئێران بەبۆنەی ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی کچە کوردی بە ناحەق کوژراوی کورد بە دەستی ناوەندە داپڵۆسێنەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەیاننامەیان بڵاو کردووەتەوە و پێداگرییان لەسەر بەردەوامیی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کردەوە.