تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە زەینەب جەلالیان، وریشە مورادی، سەکینه پەروانە و موتەلێب ئەحمەدیان، چوار زندانیی سیاسیی کورد، لە پشتگیریی بانگەوازی مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان، مانیان لە خواردن گرت.
ئەم چوار زندانییە سیاسییە کە لە زندانەکانی یەزد و ئێڤیندا دەسبەسەرن، لە پەیامێکدا مانگرتن لە خواردنیان بە «مەدەنیترین شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتی» ناو برد و ڕایانگەیاند کە هاوکات لەگەڵ چوارەمین ساڵیادی گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی و دەستپێکی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» پەیوەندی بەم مانگرتنەوە دەکەن.
هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران پێشتر داوای لە خەڵک کردبوو کە ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان و خۆپاراستن لە ئامادەبوون لە شوێنی کاردا، بەشداری لە مانگرتنی گشتیدا بکەن.
ئەم چوار زندانییە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە مانگرتنی ئەوان لە خواردن لەپێناو پشتگیریکردن لەم بانگەوازە و بەرزڕاگرتنی یادی گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی» ئەنجام دەدرێت.