کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی ئازادیی ئێران پشتیوانیی لە مانگرتنی سەرانسەریی کوردستان کرد

13:21 - 24 خەرمانان 2726

لە بەردەوامیی ئامادەکارییەکان بۆ چوارەمین ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی، "کۆنگرەی ئازادیی ئێران" پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازی هاوپەیمانیی حیزبە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی سەرانسەری لە ۲۵ی خەرمانان لە شارەکانی کوردستان ڕاگەیاند.

کۆنگرەی ئازادیی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە کە ئەم مانگرتنە سەرانسەرییە هەنگاوێکی مەدەنی و کاریگەر بۆ دەربڕینی داواکارییەکانی جەماوەر و بەرهەڵستبوونی ڕێژیمە.

ئەو کۆنگرەیە ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەزموونی مانگرتنەکانی ڕابردوو دەریخستووە بانگەوازی حیزبەکانی کوردستان بەهۆی پێگەی بەهێزی جەماوەرییانەوە پێشوازییەکی فراوانی لێ دەکرێت.

لەم پەیامەدا بە ئاماژەدان بە پەیامی ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا، کە جەختی لەسەر ئاشکرابوونی ڕاستییەکان و دادپەروەری کردووەتەوە، کۆنگرەی ئازادی هاتووەتە سەر ئەو باوەڕەی کە ڕێزلێنان لە یاد و ڕێبازی شەهیدان و دادخوازی بۆ قوربانییان بەشێکی دانەبڕاو لە خەباتی ڕوخاندنی کۆماری ئیسلامییە.

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بە سەرکوتکارییە خوێناوییەکانی ڕێژیم لە بەرانبەر بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" و خۆپیشاندانەکانی بەفرانباری ١٤٠٤ کردووە و جەختی کردووەتەوە کە وەدیهاتنی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ژینا پێویستی بە کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی و تێپەڕین بەرەو سیستمێکی دێموکراتیکی فرەڕەهەند و بەند لەسەر مافەکانی مرۆڤ، یەکسانی و نەهێشتنی جیاکارییە.

کۆنگرەی ئازادیی ئێران لە کۆتاییدا داوای لە سەرجەم هاووڵاتییان و هێزە مەدەنی و سیاسییەکانی دیکەی ئێران کرد پشتیوانی لەم بانگەوازە بکەن و بە شێوازی جیاواز یاد و ئامانجەکانی شۆڕشی ژینا بەرز ڕابگرن.