جەماوەری تێکۆشەری کوردستان!
خەڵکی ئازادیخوازی ئێران!
چوار ساڵ بەسەر قەتڵی حکومەتیی ژینا ئەمینی و هەڵگیرسانی شۆڕشی "ژینا - ژن، ژیان، ئازادی" تێدەپەڕێت. وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە گرنگی و دیدێکی بەرفراوانەوە دەڕوانینە ئەم قۆناغە مێژووییە کە بووە خاڵی وەرچەرخانی هاوپێوەندی و پشتیوانیی لە مێژووی تێکۆشانی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ئێران بەرانبەر دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی. ئەم شۆڕشە درێژەی دەیان ساڵ خەبات بۆ ڕزگاریی و ئازادی، لە نێویشیاندا تێکۆشانی ژنان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان بوو کە ئاوێتەی بزووتنەوەی مافخوازانەی کورد ببوو.
بزووتنەوەی "ژینا - ژن، ژیان، ئازادی" دوای شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، بە پێشەنگایەتی ژنان و گەنجان لە کوردستانەوە سەریهەڵدا و بە خێرایی بووە بزووتنەوەیەکی سەرانسەریی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە سەرتاسەری ئێران. ئەو قۆناغە کە بە ڕاپەڕینەکانی کوردستان دەستی پێکرد، لە بەردەوامیی خۆیدا شێوازی جۆراوجۆری خەباتی وەک مانگرتن، ناڕەزایەتیی خوێندکاری و پیشەیی لەخۆ گرت. ئامادەییی بەرفراوانی ژنان و گەنجان و پەیوەستبوونی توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە، بووە هۆی ئەوەی ئەم بزووتنەوەیە سنووردار نەبێت و ببێتە گوتارێکی گشتگیر سەبارەت بە ئازادی، یەکسانی، کەرامەتی مرۆیی و دژایەتیکردنی جیاکاری و سەرکوت.
پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەکان بۆ شارە جیاوازەکان لە ئێران، ناڕەزایەتیی زانکۆکان، مانگرتنەکان، چالاکییە پیشەیی و کرێکارییەکان، مەراسیمی چلەی شەهیدان و هەروەها ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لەنێو نەتەوەکانی دیکە بەتایبەت لە بەلووچستان، دەریانخست کە بزووتنەوەکە خاوەنی توانایەکی زۆرە بۆ بەستنەوە و یەکخستنی داواکارییە جیاوازەکان. یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم شۆڕشە گرێدان و لە یەکتر نزیکبوونەوەی داواکاریی ژنان، گەنجان، خوێندکاران، نەتەوەکان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا بوو.
لە ڕوانگەی ستراتیژییەوە، ئەزموونی بزووتنەوەی "ژینا - ژن، ژیان، ئازادی" سەلماندی کە لە جۆغرافیای ئێراندا توانا و تایبەتمەندیی شکڵگرتنی جووڵانەوەیەکی گشتگیر بوونی هەیە، بۆ هێنانەدی گۆڕانکاریی بنەڕەتیش، وەگەڕخستنی وزەی ناڕەزایەتییەکان و تەباییی سیاسی و بەرنامەی هاوبەش بۆ داهاتوو پێویستن. هەروەها ئەزموونی ئەم بزووتنەوەیە نیشانی دا کە داواکاریی ژنان، ئازادییە مەدەنییەکان، مافە نەتەوەییەکان و داواکارییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە، ئەگەر لە چوارچێوەیەکی هاوبەشدا بەرەوپێش بچن، دەبنە هێزێک بۆ وەدیهاتنی مافەکان و پێکەوەژیانی یەکسان.
ئێستا و پاش چوار ساڵ، ژیانی خەڵک لە ڕووی ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسی گەیشتووەتە خراپترین دۆخی خۆی. هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر و بێکاری، ڕێژەی هەژاریی لە کوردستان و ئێرانی گەیاندووەتە لووتکە و ژیانی چینی هەژار و کرێکاری لەنێو بردووە. ئەم دۆخە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی سیاسەتەکانی ڕژێمە لە ناوخۆ و دەرەوە، کە سامان و داهاتی خەڵک بۆ شەڕەئەنگێزی تەرخان کردووە و "سیاسەتی بێبەشکردن" لە کوردستان و ناوچە پەراوێزخراوەکانی دیکە پیادە دەکات.
هاوکات، شەپۆلی دەستبەسەرکردنی چالاکانی سیاسی، مەدەنی، ژنان، کلتووری، ژینگەپارێزی، کرێکاری، مامۆستایان گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە. بەکارهێنانی سزای سێدارە و زیندانیکردن و ئەشکەنجە وەک ئامرازی سەرکوت و ترساندن لەلایەن ڕژێمەوە لە هەموو ئيران و بەتایبەتی لە کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ لە پەرەسەندن دایە. توندوتیژییەکان دژ بە ژنان بە شێوەیەکی سیستماتیک زیادیان کردووە. دژایەتیکردنی ژنان نەک هەر لەلایەن عەقڵیەتی پیاوسالاریی نێو کۆمەڵگەوە، بەڵکو بە پاڵپشتیی یاسایی و دامەزراوەیی حکومەتەوە بەڕێوە دەچێت و سەرباری ئەم هەموو قەیران و بارگرانییەی کە بەسەر کۆمەڵگەدا سەپاوە، پشکی ژنانی لە گوشارەکان زۆر زیاتر کردووە.
هێرشە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر حیزبەکانی کوردستان و پێکهێنانی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی و پێداگریی لەسەر جێبەجێکردنیان، لایەنێکی دیکەی دوژمنکارانەی ڕژێمە کە نایەوێت هیچ جۆرە خواستێکی سیاسیی جگە لە ڕوانگە دژە ئازادی و مرۆییەکانی خۆی بوونی هەبێت. لەگەڵ هەموو قەیران و تەنگەژەکان دیسان کوردستان لە چەقی هاوکێشەکانی ئێراندا ماوەتەوە. هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، بە خوێندنەوەی دروستی قۆناغەکە، هەنگاوی گرنگیان بەرەو پێکهێنانی هاوپەیمانی و یەکگرتوویی ناوخۆیی ناوە. ئەم یەکڕیزییە، پێگەی کوردی هەم لە ناوخۆی ئێران و هەم لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەهێزتر کردووە. ئەوەی ئەمڕۆ پێویستە، بەردەوامی و پتەوکردنی ئەم هاوپەیمانییە و داڕشتنی گوتارێکی نەتەوەیی-دیموکراسیی هاوبەشە کە وەڵامدەرەوەی قەیرانەکان بێت.
ئەرکی هێزە سیاسییەکان، کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوەکانی ناوخۆیە کە بە هەماهەنگییەوە، داواکارییە ڕەواکانی گەل کە بریتین لە مافی چارەی خۆنووسین، دیموکراسی، و ئازادییە بنەڕەتییەکان بکەنە بنەمای هەر گۆڕانکارییەک لە داهاتووی ئێراندا. جەختیش دەکەینەوە کە تێکۆشانی سیاسی و خەباتی مەدەنیی تەواوکەری یەکترن و یەکگرتوویی کلیلی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەیە.
جێگەی ئاماژەیە دوای ڕاگەیاندنی بەڕێوەبردنی مانگرتنی گشتی لە کوردستان، ئەم داواکارییە ڕووبەڕووی پێشوازی و پاڵپشتی بەرچاوی لایەنە سیاسی و مەدەنیەکان لە نێوخۆی کوردستان و ئێران بووەتەوە. جارێکی دیکە داواکارین سەرجەم خەڵکی کوردستان پەیوەستی مانگرتنی ٢٥ی خەرمانان بن و بە داخستنی دووکان و بازاڕەکان، بە یەکگرتووییەوە "نا"یەکی مێژوویی دیکە بە کۆماری ئیسلامی و سیاسەتە دژەمرۆییەکانی بڵێنەوە.
ڕێز و وەفاداری خۆمان بۆ شەهیدانی شۆڕشی "ژینا – ژن، ژیان، ئازادی و هەموو شەهیدانی ڕزگاری و ئازادیی کوردستان دووپات دەکەینەوە و سڵاو لە ئیرادە و خۆڕاگری گەلەکەمان دەکەین. بەردەوامیمان لە خەبات و تێکۆشان، وەفا و بەڵێنی نەگۆڕمانە بۆ هاتنەدیی خواست و ئامانجەکانی نەتەوەکەمان.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٤ی خەرمانانی ٢٧٢٦
١٥-٠٩-٢٠٢٦