هێزەکانی ئەرتەشی یەمەن ڕایانگەیاند، بە فڕۆکەی شەڕکەر ٣ هێرشی ئاسمانی و چەندین هێرشی دیکەیان لە دژی بنکە و مۆڵگەکانی گرووپی حوسییەکان لە ناوچەی «ئەلزەبات» لە تەعز کردووەتە ئامانج.
ڕۆژی یەکشەممە ٢٢ی خەرمانان، هێزەکانی ئەرتەشی یەمەن وێنەی نوێی هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر بنکە و ماشینی حوسییەکان لە مەخا و زوباب لە کەناراوی ڕۆژاوای ئەو وڵاتە بڵاو کردەوە.
هێزەکانی ئەرتەشی یەمەن ڕۆژی هەینی ئۆپەراسیۆنی «سەندوقولقەتل»یان دەست پێکرد و داوایان لە هاووڵاتییان کرد کە لە چەند ڕێگایەکی ئەم ناوچەیە کەڵک وەرنەگرن.
ئەرتەشی یەمەن هەروەها ڕایانگەیاندبوو کە مۆڵگەی حوسییەکانیان بە زیاتر لە ٢٠ هێرشی ئاسمانی کردووەتە ئامانج.
هێزەکانی ئەرتەشی یەمەن ڕایانگەیاند کە ئەم هێرشانە، شوێنی کۆبوونەوە، ماشین، سەکۆکانی هەڵدانی مووشەک و سیستەمێکی پەیوەندیکردنی تایبەت بەو گرووپەیان لە ناوچەکانی ئەلزاهر، زەی ناعم، سەوادییە و مەکیرەئس لە پارێزگای ئەلبەیزا کردووەتە ئامانج.
ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە: «هەر چەشنە سەرکێشییەکی حوسییەکان بەرەو بابولمەندەب، دەبێتە هۆی شەڕێکی ماندووکەر و تاقەتپڕووکێن دژی ئەم گرووپەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێت».
گرووپی چەکداری ئەنساروڵڵا کە بە حوسییەکانی یەمەن دەناسرێت، گرووپێکی تێرۆریستیی سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییە کە ماوەی زیاتر لە دوو مانگە بە فەرمانی سپای پاسداران گەمارۆی دەریاییان لە ڕێڕەوی ئاویی بابولمەندەب لە دەریای سوور خستووەتە سەر عەرەبستان و لە ئاکامدا چەندین کەشتیی بازرگانییان کردووەتە ئامانج و هێرشەکانیان بۆ سەر خەڵکی ئاسایی و هێزە چەکدارەکانی دەوڵەتی یەمەن چڕتر کردووەتەوە.