کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی دەرمان لە ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی مەترسیدار

15:14 - 26 بانەمەڕ 2726

سەرۆکی ئەنجومەنی پزیشکانی دەروونیی ئێران ڕایگەیاندووە کە کەمیی دەرمان لە بواری دەروونپزیشکیدا زۆر جیددییە و بە بەراورد بە دۆخی پێش دەستپێکردنی شەڕ، بە شێوازێکی بەرچاو زیاتر بووە.

وەحید شەریعەت لە وتووێژ لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی "ئیلنا" ئاماژەی بەوە کردووە کە لە مانگەکانی ڕابردوودا، کەمیی بەرچاو لە چەندین جۆری دەرمانی سەرەکیدا هاتووەتە ئاراوە؛ بەشێک لەم کێشانە لە پێش شەڕەوە هەبوون و تەشەنەی سەندووە و بەشەکەی دیکەشیان قەیرانی نوێن.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە هۆکاری ئەم کێشەیە بۆ پەککەوتنی هێڵی بەرهەمهێنان بەهۆی کەمبوونی کەرەستەی خاو، یان ڕاگرتنی بەئەنقەستی دابەشکردنی دەرمان لە بازاڕدا دەگەڕێتەوە، کە بە مەبەستی گرانکردنی نرخەکان ئەنجام دەدرێت.

هاوكات، حوسێنعەلی شەهریاری، سەرۆکی کۆمیسیۆنی تەندروستیی مەجلیسی ڕێژیم، دانی بە گرانیی ٥٠ تا ٣٠٠ لەسەدیی دەرماندا نا و ڕایگەیاند کە بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی تەندروستی، لانیکەم پێویست بە ١٥٠ هەزار میلیارد تمەن بودجە هەیە بۆ کەمکردنەوەی گوشاری سەر خەڵک، بەڵام بەهۆی نەبوونی نەختینەوە دابینکردنی ئەم پارەیە نادیارە و باجەکەی تەنیا هاووڵاتییانی بێدەرەتان دەیدەن.