کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل کوژرانی فەرماندەی گشتیی لقی سەربازیی حەماسی پشتڕاست کردەوە

15:11 - 26 بانەمەڕ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی شەممە بە فەرمی ڕایگەیاند کە "عێزەدین حەداد"، فەرماندەی باڵی سەربازیی گرووپی تێرۆریستیی حەماس، لە هێرشێکی ئاسمانی لە کەرتی غەزە کوژراوە.

وەزارەتی بەرگریی ئیسرائیل ئاشکرای کرد کە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە بە ڕێنوێنیی ڕاستەوخۆی بێنیامین نێتانیاهوو، سەرۆکوەزیران و یێسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری ئەنجام دراوە.

ئیسرائیل، حەداد وەک یەکێک لە داڕێژەرانی سەرەکیی هێرشەکەی ٧ی ئۆکتۆبر و بەرپرسی بارمتەگرتنی هاووڵاتییانی ئیسرائیلی دەناسێنێت.

لە بەیاننامەی ئەرتەشی ئیسرائیلدا هاتووە کە عێزەدین حەداد نەک هەر هێرشە تێرۆریستییەکانی دژی هێزەکانی ئیسرائیل ڕێکخستووە، بەڵکوو بە توندی دژی جێبەجێکردنی گەڵاڵەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا وەستاوەتەوە کە داوای چەککردنی حەماس و داماڵینی چەک لە کەرتی غەزە دەکات.

هەرچەندە گرووپی تێرۆریستیی حەماس بەفەرمی بەیاننامەی دەرنەکردووە، بەڵام بەرپرسێکی باڵای ئەم گرووپە بە هەواڵدەریی ڕۆیتێرزی ڕاگەیاندووە کە حەداد کوژراوە و هاوکات مزگەوتەکانی باکووری غەزەش لە ڕێگەی بڵندگۆکانەوە کوژرانی ناوبراویان ڕاگەیاند.