کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیمارات: هەموو هەنگاوەکانمان لە چوارچێوەی بەرگری بووە

09:10 - 26 بانەمەڕ 2726

دەوڵەتی ئیمارات ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە سەرجەم ئەو هەنگاوانەی ناویەتی، لە چوارچێوەی ڕێکارە بەرگرییەکاندا بە مەبەستی پاراستنی سەروەریی وڵات، هاووڵاتییانی مەدەنی و ژێرخانە هەستیارەکانی بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، ئەم بەیاننامەیەی ئیمارات دوای ئەوە بڵاو کرایەوە کە ڕۆژنامەی "واڵ ستریت ژۆرناڵ" ڕۆژی دووشەممە ئاشکرای کردبوو کە ئیمارات ئۆپراسیۆنێکی سەربازیی دژی ئێران ئەنجام داوە.

بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ڕوون ئاماژەی بە هێرش بۆ سەر ئێران نەکردووە، بەڵام هاوکات هێرشە بێ پاساوەکانی ئێرانی مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە کە ئیمارات مافی ئەوەی هەیە بەرپرچی هێرشەکان بداتەوە.

پێشتر خەلیفە بن شاهین ئەلمەرار، لە بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی برێکس لە دێهلیی نوێ ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی داوای یارمەتی لە هیچ وڵاتێکی دیکە ناکات و خۆی بە تەواوی توانای بەرپەرچدانەوەی ئەم دەستدرێژییە بێ پاساوانەی هەیە.