مایک واڵتز"، نوێنەری ئەمریکا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕایگەیاند کە لە پێوەندی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێراندا، سێ دۆسییەی سەرەکیی ئۆرانیۆمی پیتێندراو، پڕۆسەی پیتاندنی ئۆرانیۆم و گرژییەکانی گەرووی هۆرمۆز لەبەردەمدان.
واڵتز لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فاکس نیوز" جەختی کردەوە کە هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی کۆماری ئیسلامی ئۆرانیۆم بە پێوانەی ٦٠ لەسەد بپیتێنێت.
بە وتەی ناوبراو، تاران ئێستا خاوەنی بڕێک لەو ئۆرانیۆمی پیتێندراوەیە کە دەکرێت ڕێگە خۆش بکات بۆ دروستکردنی ١٠ تا ١١ بۆمبی ئەتۆمی.
نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، بە تەواوی ئیدیعاکانی ڕێژیمی ئێرانی لەسەر ئاشتیخوازانەبوونی پڕۆژە ئەتۆمییەکەی خستە ژێر پرسیارەوە و وتی: "هیچ وڵاتێک لە جیهاندا نییە کە ئۆرانیۆم تا ئەم ئاستە بەرزە بپیتێنێت و دواتر چەکی ئەتۆمی بەرهەم نەهێنێت، چونکە لە بنەڕەتدا هیچ هۆکارێکی دیکە بۆ گەیشتن بەم ئاستە لە پیتاندن بوونی نییە."