کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناهاوسەنگی و کورتهێنانی ڕۆژانە ٢٠ میلیۆن لیتر بەنزین لە ئێراندا

15:02 - 25 بانەمەڕ 2726

ئەندامێکی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیم، ئاستی بەکاربردنی ڕۆژانەی بەنزینی ئێرانی بە نزیکەی ١٣٠ تا ١٣٥ میلیۆن لیتر ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە توانای بەرهەمهێنان و دابینکردنی بەنزین، ڕۆژانە تەنیا لە دەوروبەری ١١٠ تا ١١٥ میلیۆن لیترە.

ڕەمەزانعەلی سەنگدەوینی ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی ناهاوسەنگیی ٢٠ میلیۆن لیتری لە نێوان بەرهەمهێنان و بەکاربردندا، سیستمی دابینکردنی وزە لە لێواری داڕماندایە و حکوومەت ناچارە ڕێکاری توند بۆ بەڕێوەبردنی سووتەمەنی بگرێتە بەر، ئەوەش لە کاتێکدایە کە تەنیا تاران بەقەد تەواوی کورتهێنانەکە بەنزین بەکار دەهێنێت.

ئەم کورتهێنانەی بەنزین لە ئێراندا، پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە لێکەوتە ئابووری و سەربازییەکانی شەڕی ئەم دواییەوە هەیە.

بەپێی دانپێدانانی فەرمیی پارێزگاری تاران، لە کاتی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کۆگاکانی وزەی تاران، دەیان میلیۆن لیتر سووتەمەنیی کۆگاکراو بە تەواوی لەنێو چوون.

تێکچوونی ئەم ژێرخانە ستراتێژییانە و نەبوونی توانای قەرەبووکردنەوە، وای کردووە کە قەیرانی کەمبوونی بەنزین لە شارە گەورەکاندا زیاتر پەرە بستێنێت و ببێتە کێشەیەکی نوێ بۆ هاووڵاتییان.