کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بازاڕ لە نێوان دەست بەسەرداگرتنی سپای پاسداران و شەڕی ژیۆپۆلیتیکیدا: قەیرانی وزە، داڕمانی دراو و بێمتمانەیی گشتی لە ئێران

11:01 - 24 بانەمەڕ 2726

ئەمیر سوڵتانی

لە سەرەتاوە، پێویستە بزانرێت کە قەیرانی ئابووری لە ئێراندا تەنیا ئەنجامی گەمارۆ یان گرژییە دەرەکییەکان نییە، بەڵکوو بە شێوەیەکی بنەڕەتی پەیوەندی بە دەست بەسەرداگرتنی ئابووریی وڵات لەلایەن دەزگایەکی سەرکوتکەر واتە سپای پاسدارانەوە هەیە. سپا، کە لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامیدا دامەزراوەیەکی سەربازی بوو، بە تایبەتی دوای شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران-عێراق لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٠–١٩٨٨ی زایینیدا بۆ هێزێکی سەرەکیی ئابووری گۆڕدرا.

لە کاتی شەڕی ئێران-عێراقدا، سپای پاسداران بە بیانووی پاراستنی وڵات دەستی بەسەر زۆربەی دامودەزگاکانی ئابووریدا گرت. دوای کۆتاییی شەڕ، مەودای ئەو دەستبەسەرداگرتنانە زیاتر پەرەیان پێدرا. سپای پاسداران دەستی بەسەر پڕۆژە گەورەکانی بیناسازی، نەوت و گاز، بانکی و بازرگانیدا گرت و بەردەوام بوو لە دروستکردنی تۆڕێکی ئابووریی تایبەت بە خۆی. بەم شێوەیە، سیستەمی ئابووریی ئێران لە بازاڕی ئازادەوە گۆڕانکاریی بەسەردا هات و گۆڕدرا بۆ سیستەمێکی کۆنتڕۆڵکراو کە لەلایەن هێزێکی سەربازییەوە سەرپەرشتی دەکرا.

لە ئێستادا، سپای پاسداران و کۆمپانیا و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانی دەستێکی باڵایان لە زنجیرەی تەواوی ئابووریی وڵاتدا هەیە، لە هەڵێنجانی نەوت و گازەوە تا هەناردە و هاوردە، و تەنانەت دەستوەردانی بازاڕی ناوخۆش. ئەمەش وای کردووە ڕکابەری لە بازاڕدا کەم ببێتەوە، تەنانەت وەبەرهێنانیش کەم بێت، چونکە زۆرێک لە کۆمپانیا تایبەتییەکان ناتوانن لەگەڵ دامەزراوەکانی سپادا پێشبڕکێ بکەن.

هەروەها، بەشێکی زۆری داهاتی نەوتی ئێران، بە تایبەتی لە ڕێگەی قاچاخەوە یان هەناردەی نهێنی، نەچووەتە ناو بودجەی گشتی بۆ خزمەتگوزاریی خەڵک، بەڵکوو بەشێکی زۆری ئەو داهاتە چووەتە گیرفانی کاربەدەستانی ڕێژیم، یان سەرفی دروستکردنی چەک و تەقەمەنی و هەروەها بەشێکیشی بۆ پشتگیری لە گرووپە نیابەتییەکان لە ناوچەکەدا وەک لە عێراق، لوبنان و شوێنەکانی تر تەرخان کراوە. ئەمەش بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەکییە توندڕەوەکانی سپاوە هەیە، کە بووەتە هۆی قووڵبوونەوەی شەڕی نێوان ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران.

بەم شێوەیە، ئابووریی ئێران تووشی دوو قەیرانی سەرەکی بووە: یەکەم: دەستبەسەرکردنی بازاڕی ناوخۆیی لەلایەن سپاوە. دووەم: فشارە دەرەکییەکان کە بەهۆی هەمان سیاسەتەکانی سپاوە دروست بوون.

لە ڕووی ژیۆپۆلیتیکییەوە، ئەم دۆخە بەردەوام بە چڕبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا پەیوەستە. هەڵگیرسانی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، کە زۆرجاریش لە ڕێگەی گرووپە نیابەتییەکانەوە ئەنجام دراوە، ناوچەکەی کردووەتە گۆڕەپانی پێکدادان. هەر هەواڵێک لەسەر هێرش یان وەڵامدانەوە، ڕاستەوخۆ نرخی نەوت بەرز دەکاتەوە.

نرخی نەوتی برێنت لەم دۆخەدا تا ١١٤ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بەرز بووەوە، کە ئەوە نیشانەیەکی مەترسیدارە بۆ ئابووریی جیهان. مەترسییەکان لەسەر ڕێڕەوی هۆرمز کە نزیکەی ٢٠٪ی نەوتی جیهان پێیدا تێدەپەڕێت، هەمیشە وەک فاکتەری سەرەکی بۆ قەیرانەکان باس دەکرێن.

بەڵام لە ناوخۆی ئێراندا، ئەم بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیی ڕاستەوخۆ بۆ ژیانی خەڵک نەهێناوە. بە پێچەوانەوە، قەیرانی وزە بە گشتی لە وڵاتدا هەر بەردەوامە. وڵاتێک کە خاوەنی گەورەترین یەدەگی سەرچاوەکانی گازە، بەڵام خەڵکەکەی بە کەمبوونی گاز و پچڕانی بەردەوامی کارەبا دەناڵێنن. لە زستاندا، ئەم کەمبوونانە بە شێوەیەکی زۆر بەرچاوتر دیار دەبن و کاریگەرییان لەسەر بەرهەمهێنانی ناوخۆدا هەیە.

لە بازاڕی دراودا، دۆخەکە هێشتا قووڵترە. تمەن بە شێوەیەکی بەردەوام لاواز دەبێت و نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاددا گەیشتووەتە ٦٠ هەزار بۆ ٧٠ هەزار تمەن یان زیاتر. ئەمە نیشانەیەکی بەرچاوی ڕووخانی دراوە، کە پەیوەندی بە بێمتمانەیی خەڵک بە سیستەمی دارایی ڕێژیمەوە هەیە.

لە لایەکی دیکەوە هەڵاوسان لە ئێراندا گەیشتووەتە نزیکەی ٤٠٪ بۆ ٥٠٪ و تەنانەت لە هەندێک کاتدا زیاتریش. نرخی خواردەمەنییە بنەڕەتییەکان بە شێوەیەکی بەرچاو لە هەڵکشاندایە، کە وای کردووە زۆرێک لە خێزانەکان تووشی قەیرانی بژیوی ژیان بن. هێزی کڕین بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە و ژیانی ڕۆژانە قورستر بووە.

لە بنەڕەتدا، ئەم هەموو قەیرانانە بۆ قەیرانی متمانە دەگەڕێنەوە. خەڵک بێمتمانەن بە دامودەزگاکانی ڕێژیم، لە بانکی ناوەندییەوە بگرە هەتا دەوڵەت. ئەم بێمتمانەییە وای کردووە خەڵک پارەکانیان بگۆڕن بۆ دۆلار و زێڕ، کە ئەمەش شڵەژانی بازاڕ زیاتر دەکات.

لە ڕووی ژیانی ڕۆژانەوە، کاریگەرییەکان زۆر ڕوونن؛ بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی و شتومەک و پێداویستییەکانی ناوماڵ، ڕاستەوخۆ فشار لەسەر خێزانەکان زیاد دەکەن. پچڕانی کارەبا و گاز دەبێتە هۆی تێکچوونی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک و گرژی لە بازاڕەکاندا.

لە لایەکی دیکەوە لاوازبوونی دراو واتە تمەن، بە شێوەیەکی گشتی دەبێتە هۆی هەژاری و دەستکورتیی زیاتری خێزانەکان. کاتێک بەرهەمهێنانی نەوت و وزە دادەبەزێت یان بە شێوەیەکی نایاسایی هەناردە دەکرێت، وەبەرهێنانی ناوخۆ ڕوو لە کەمی دەدات و بێکاری ڕووی لە زیادبووندا دەبێت، کەواتە هەلی کار کەم دەبێتەوە و سەرەنجام هەڵاوسان لە وڵاتدا بێدادی دەکات.

هەموو ئەمانە نیشانەی ئەوەیە کە ئەو قەیرانانەی لە سەرەوە باسیان لێوە کرا، تەنیا لە ئاستی سیاسەتی جیهانیدا نامێنێت، بەڵکوو دەگاتە ناو ژیانی ڕۆژانەی خەڵکیش. ئێران لە ئێستادا لە ناو سیستەمێکی پڕ لە قەیراندایە کە تێکەڵەیەکە لە دەستبەسەرداگرتنی ئابووری لەلایەن سپای پاسداران، شەڕی ناڕاستەوخۆی ناوچەیی و فشارە نێودەوڵەتییەکان. لەم نێوانەدا، داهاتی نەوت زۆرجار بەرەو دەرەوە و گرووپە نیابەتییەکان دەچێت، نەک بۆ پەرەپێدانی ناوخۆیی و ئاساییکردنەوەی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک. ئەوەی زۆرترین زیان دەبینێت، خەڵکی ئاساییە کە لە نێوان قەیرانی وزە، داڕمانی دراو و بێمتمانەییدا گیری خواردووە. بێ گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە سیاسەت و بەڕێوەبردندا، ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت و کاریگەرییەکانی زیاتر دەبن.

هەروەها، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە، ئەم دۆخە کاریگەرییەکی قووڵتری هەیە کە تەنیا بە ژمارە و ئامار ناتوانرێت پێناسە بکرێت. زیادبوونی هەژاری، کەمبوونی هەلی کار و لاوازبوونی توانای کڕین، وای کردووە کۆمەڵگەی ئێرانی بەرەو جۆرێک لە ناهەمواری و نائارامیی ناوخۆیی بڕوات. زۆرێک لە لاوەکان، کە دەبێت هێزی سەرەکیی ئابووری و داهاتووی وڵات بن، لە ئێستادا تووشی بێهیوایی و بێئاسۆیی بوون و هەندێکیشیان هەوڵی کۆچکردن دەدەن.

لە هەمان کاتدا، جیاوازیی چینایەتی لە کۆمەڵگەدا زیاتر بووە. ئەو توێژانەی پەیوەندییان بە دامەزراوە دەسەڵاتدارەکانەوە هەیە، بە تایبەتی ئەوانەی نزیکن لە سپای سەرکوتکەری پاسداران، سوود لەم سیستەمە دەبینن، لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک بەردەوام لە دۆخی نائاساییدان و زیان دەبینن. ئەمەش بووەتە هۆی زیادبوونی هەست بە نادادپەروەری و کەمبوونی هەست بە هاوبەشی لە کۆمەڵگەدا.

لە ڕووی سیاسییەوە، ئەم فشارە کۆمەڵایەتی و ئابوورییانە دەتوانن ببنە هۆی توندبوونەوەی ناڕەزایەتیی گشتی. کاتێک خەڵک هەست بکەن کە نە ئابووری باش دەبێت و نە سیاسەتەکان بەرەو ئارامی دەچن، ئەو کاتە هەڵوێستیان لە بەرامبەر دەوڵەت دەگۆڕێت. ئەمەش دەتوانێت ناوەندی قەیرانەکە زیاتر و بەربڵاوتر بکات و وڵات بەرەو قۆناغێکی هەستیارتر ببات.

بەم پێیە، قەیرانی ئێران تەنیا قەیرانێکی بازاڕی یان وزە نییە، بەڵکوو قەیرانێکی تەواوی سیستەمە لە سیاسەت و ئابووری تا کۆمەڵگە بە گشتی. چارەسەرکردنی ئەم دۆخەش تەنیا بە هەنگاوێکی دیپلۆماسی یان کەمبوونەوەی گرژییەکان ناکرێت، بەڵکوو پێویستی بە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە شێوازی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی ئابووریدا هەیە.