
ڕەزا دانشجوو
ئاگربەستی ناسەقامگیری نێوان کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا لە کاتێکدا سێیەمین حەفتەی تێپەڕ کرد کە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەردەوام ئامادەی گۆڕانکاریی گەورەیە. لە ڕاستیدا ئەم بارودۆخەی کە ئێستا لە ناوچەدا بەناو ئاگربەست نێوی دەهێنرێت، هیچ نیشانەیەکی لە ڕاوەستانی ئاگری شەڕ، یان بە واتایەکی باشتر ڕازیبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەم شەڕە بە بەسبوونی شەڕ و کۆتاییهێنان بە گرژی و ئاڵۆزییەکان پێوە دیار نییە! ئەوەی ئێستا دەبینرێت زۆرتر لە بێدەنگیی پێش ڕووداوێکی چاوەڕوانکراو و یان ئاگری بن خۆڵەمێش دەچێت کە هەر کات ئەگەری بووژانەوە و بڵێسەدانی بەدی دەکرێت. بۆ دۆزینەوەی هۆکارەکانی ئەم ناسەقامگیرییە و شیکاریی باشتری باسەکە دەبێت سەرەتا ئاوڕێک لە ڕووداوەکانی شەڕ و پێشهاتەکانی دوای شەڕ تا ئەمڕۆ بدەینەوە. ئەمە ڕەنگە یارمەتیدەر بێت تا خوێندنەوەیەکی زۆر باشترمان بۆ داهاتوو هەبێت.
ڕەنگە شیکاریی تێچوو و قازانج باشترین و کارامەترین مێتۆدێک بێت کە دەتوانرێت وەک پێوەرێک بەکار بهێنرێت و پێوانەیەک بێت کە لە کاتێکدا تەواو سەلمێنراو و زانستییە، لە هەمان کاتدا ڕووداوەکانیش دەتوانێت بە سادەیی و لۆژیکی شی بکاتەوە.
لایەنی یەکەم و سەرەکیی ئەم ململانێیە، کۆماری ئیسلامییە؛ دەسەڵاتێکی پاوانخواز و بێبەزەیی و خۆبەزلزان کە ساڵانێکە بووەتە شێرپەنجەیەکی بێبڕانەوە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و نەک تەنیا ژیانی خەڵکی بێتاوان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو ژیانی میلیۆنان کەسی لە جیهاندا تووشی مەترسی کردووە و هۆکاری سەرەکیی ناسەقامگیری لە زۆرینەی وڵاتانی ناوچەیە. سەرەڕای هەموو ئیدیعا و لێدوانە بێبنەماکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، دەتوانرێت ڕاشکاوانە بگوترێت کە ڕێژیم لە هەموو ڕوویەکەوە لەم شەڕەدا دۆڕاو بووە و خەسارەی زۆری بەرکەوتووە. هەرچەندە دەبێت دان بەوەشدا بنرێت کە هەندێک شتی بەدەستهێناوە. تێچووی ڕێژیم دەکرێت لە دوو بەشدا دابەش بکرێن.
یەکەم: توانای سەرکردایەتی و فەرماندەیی، یان باشتر بڵێین سەرچاوە مرۆییەکان. نەمانی دیکتاتۆری پیری تاران عەلی خامنەیی و بەشێکی بەرچاو لە فەرماندە نیزامییە باڵاکان و کەسایەتییەکانی دیار و نێوبەدەری ڕێژیم، وەها بۆشایییەکی گەورەی لە لوتکەی هەرەمی ڕێبەری و بڕیاردانی ڕێژیمدا دروست کردووە کە سەرەڕای بانگەشە و پڕوپاگەندەی هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی، لانیکەم لە کورتخایەندا پڕکردنەوەی ئەو بۆشایی و کەلێنە گەورەیە مەحاڵە. نابێت ئەوە لەبیر بچێت کە ئەم پرسە ڕەهەندێکی دەروونیشی هەیە و دەتوانێت بە شێوەیەکی بەرچاو بێتە هۆی دابەزینی ورە و توانایی لایەنگران و بەکرێگیراوانی ڕێژیم و درزێکی گەورە لە دامودەزگاکانی بڕیاردان دروست بکات. درزێک کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و لە پڕۆسەی بەناو دانیشتنەکانی دوای شەڕ بە ڕوونی دیار بووە. بەراورد لەگەڵ شەڕی دوازدە ڕۆژە، بەدڵنیاییەوە دەتوانرێت بگوترێت کە نەمانی دیکتاتۆر و سەرکردە سیاسی و نیزامییەکانی دیاری ڕێژیم، بووەتە هۆکاری دابەشبوونێکی ئاشکرا و بەربڵاو لە نێوان کاربەدەستانی ئێستای کۆماری ئیسلامی. ئەم دابەشبوونە و پەرتەوازەییە لە ناوەندی بڕیاردان دەتوانێت توانایی بەرپەرچدانەوەی نیزامیی ڕێژیم و ڕەخسانی هەل و توانای چەنەلێدان لەسەر مێزی گفتوگۆ بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکاتەوە.
بەشی دووەمی تێچووی کۆماری ئیسلامی لەم شەڕەدا بێگومان لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە توانایی نیزامیی ڕێژیم لە مووشەک و دڕۆن و چەکە پێشکەوتووەکانە و هەڵبەت لەنێوچوونی بەربڵاوی ژێرخانی نیزامی و ئابووری کە ئاکامی دەیان ساڵ خەرجیی ڕێژیم بووە. ئەوە کە کۆماری ئیسلامی چۆن دەتوانێت ئەم بارودۆخە ڕێک بخاتەوە لە کاتێکدا کە لە بواری ئابووری بە تەواوی فەشەلی هێناوە و لە ژێر ئابڵۆقە و گەمارۆی وڵاتە زلهێزەکاندایە، زۆر مەحاڵ دەنوێنێت. قەبارەی زیانەکان ئەوەندە گەورەیە کە تەنانەت لە ئەگەری چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی ئابووری و دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە داراییەکانیش، ڕێکخستنەوە و نۆژەنکردنەوەیان ساڵانێکی زۆری دەوێت. مەسەلەی سێیەم لە تێچووی کۆماری ئیسلامیدا، ململانێی بەرفراوان لەگەڵ دراوسێکانییەتی. هەرچەند ڕێژیمی وەلایەتی فەقیە لە هاتنەسەرکاری تا ئەمڕۆ سەرچاوەی ئاژاوە بووە و هەرگیز پێوەندیی دۆستانەی لەگەڵ دراوسێیەکانی نەبووە و ئەمەش سروشتی کۆماری ئیسلامییە، بەڵام پێوەندیی بازرگانیی بەرفراوانی لەگەڵ لانیکەم هەندێکیان هەبووە. ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی گەورەترین هاوبەشی بازرگانیی کۆماری ئیسلامییە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و قەتەریش یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی ئەو ڕێژیمەیە. ئەگەری گەڕانەوە بۆ پەیوەندییەکانی ڕابردوو بە لەبەرچاوگرتنی ئەو پێشهاتانەی کە چ لە کاتی شەڕدا ڕوویانداوە و چ ئەو هەڕەشە بەردەوامانەی کە دوای شەڕ لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی دراوسێیەکانی دەکرێت، مەحاڵێکی ترە. ئەوە تەواوی چیرۆکەکە نییە. ڕێژیم لە پەنا تێچووەکانی تاقمێک سوودیشی لەم شەڕە پێگەیشتووە. سوودی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی شەڕ. ئەمە سروشتی هەر شەڕێکە کە بە جووڵاندنی هەستی نیشتمانپەروەری و دروستکردنی کەشێکی سۆزداری دەتوانێت بەشێکی سەرەکی لە خەڵکانی بێبڕیار و دوودڵ و یان تەنانەت هەندێک لە نەیارانی لانیکەم بۆ ماوەیەکی کورت، لە دەوری ڕێژیم کۆ بکاتەوە. کۆماری ئیسلامیش لەوە بێبەری نییە و تا ئێستا کەڵکی پێویستی لەم بابەتە وەرگرتووە، بەڵام شتێک کە نابێت لەبیر بکرێت ئەوەیە کە ئەم پشتیوانی و هاوسۆزییە تەواو کورت و کاتییە و تایبەتە بە سەردەمی شەڕ. لە ڕاستیدا لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و دوورکەوتنەوە لە کەش و هەوای شەڕ و ئارامبوونەوەی دۆخەکە بە ڕەچاوکردنی قەیران و ئاڵۆزییە کەڵەکەبووەکانی سیاسی و ئابووریی ڕێژیم، ئەم پشتیوانییەش زۆر بە زوویی کۆتایی دێت و جێگەی خۆی ڕەنگە بدات بە دژایەتی. دووەم سوودی ئەم شەڕە بۆ ڕێژیم دەستڕاگەیشتن بە کارتێکی نوێ بوو بە ناوی گەرووی هۆرمۆز. کارتێک کە کۆماری ئیسلامی بە هەڕەشەکردن لە ئابووریی جیهانی توانی بە باشی بەکاری بهێنێت. بەڵام ئەم کارتەش تەواو کاتی و سنووردارە و لە درێژخایەندا نەک یارمەتیی ڕێژیم نادات، بەڵکوو ڕەنگە ببێتە پاژنەی ئاشیلی ڕێژیمیش. گەمارۆدانی دەریایی ڕێژیم لە لایەن ئەمریکاوە، کارتی بەرپەرچدانەوە بوو کە ئەمریکا ئێستا لە بەردەم کارتی ڕێژیم دایناوە.
نابێت ئەوە لەبیر بکرێت کە هەرچەند بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هەڕەشە لە ئابووریی جیهان دەکات، بەڵام بێتوانایی ڕێژیم لە فرۆشتنی نەوت دەتوانێت ئابووریی نەخۆش و لە لێواری داڕمانی کۆماری ئیسلامی بە یەکجاری لە ناو ببات. جگە لەوەش لە درێژخایەندا دەتوانێت پێی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هاوپەیمانییە حکوومییەکان وەک لایەنێکی تازەی شەڕ دژی ڕێژیم بۆ کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بێنێتە ئاراوە.
لایەنی دووەمی ئەم ململانێیە ئەمریکایە. لە دۆسیەی ئەمریکادا دەبێت بە ڕاشکاوی بڵێین سەرەڕای هەموو بانگەشەکانی ترامپ، دەستکەوتەکانی ئەمریکا لەم شەڕەدا هیچ شتێکی تایبەت نەبوون. ئەوەی ئەمریکا خەرجی کردووە دەتوانرێت بەسەر دوو بەشدا دابەش بکرێت. بەشی یەکەم و بە تەواوی خەمڵێنراو، میلیاردها دۆلار تێچووی ئەم شەڕەیە. ئەمەش دەتوانێت ببێتە کابووسێک بۆ ترامپ و کۆماریخوازییەکان بەرانبەر بە دێموکراتەکان. خاڵی دووەم کە نابێت بە کەم سەیری بکرێت، تێچووی ئەمریکا وەک بەهێزترین سپا و یەکەم زلهێزی جیهان لە ڕووی ناوبانگ و شکۆمەندیی سەربازی و سیاسییەوەیە. داتا سەربازییەکان هەرگیز باس لە باڵادەستیی ڕەهای ئەمریکا ناکەن. ڕەنگە قازانجی سەرەکیی ئەمریکا لەم شەڕە، لەناوبردنی بەشێک لە توانای سەربازی و سەرکردایەتیی ڕێژیم بووبێت.
لایەنی سێیەمی ئەم شەڕە ئیسرائیلە کە دەکرێت بگوترێت بەراورد بە دوو لایەنی پێشووی بەرکەوتووی تێچووی زیاترە. بەڵام ئیسرائیلیش بە هیچ شێوەیەک براوە و پیرۆزی ئەم شەڕە نییە. جگە لەو میلیاردها دۆلار چەک و تەقەمەنییەی کە ئیسرائیل لە شەڕدا خەرجی کردووە، تێچووی سەرەکی و گرنگ کەوتنە مەترسیی ژیان و هەڕەشەی بەردەوام لە تێرۆر و تۆقاندن بۆ خەڵکی نیشتەجێ لە ئیسرائیلە کە لە درێژخایەندا دەتوانێت ببێتە هۆی ناڕەزاییی گەورە لە ئیسرائیل. بەپێچەوانەی فەرمانڕەواکانی تاران، کە لایان کەوتنە مەترسی و گیانی هاووڵاتیانی ئێرانی یەک فلس بایەخی نییە، ئیسرائیل وڵاتی ئەمن و بەڵێندراوە بۆ جوولەکەکان!
بێگومان قازانجی سەرەکیی ئیسرائیل لەم شەڕە، نەهێشتن یان لانیکەم لاوازکردنی سەرەتا هێزە بەوەکالەتەکانی ڕێژیم، وەک حیزبۆڵڵا و پاشان خودی کۆماری ئیسلامییە. ئەمەش دەتوانێت مەترسییەکانی ئەو ڕێژیمە بۆ سەر ئیسرائیل زۆر کەم بکاتەوە.
لەوەی تا ئێستا بە کورتی باسکرا، دەتوانرێت بگوترێت کە هیچ یەکێک لە لایەنە سەرەکی و تەنانەت پەیوەندیدارەکانی ئەم شەڕە و بە تایبەت کۆماری ئیسلامی و ئەمریکا بە دوور لە پڕوپاگەندە و ئیدیعاکانیان بە ئامانجەکانیان نەگەیشتوون و تێچوویان زۆر لە قازانج زیاترە!
چاوخشاندنێکی کورت بە خواستی هەردوولا لە پڕۆسەی دوای شەڕ دەریدەخات کە هەردوو لایەنی سەرەکیی شەڕ ئەوەی لە شەڕدا پێی نەگەیشتوون لە دانیشتنەکانی بۆ گەیشتن بە ئاشتی داوای دەکەن. ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی داوای خەسارە و قەرەبوو لە ئەمریکا دەکات، زیاتر لە داوایەک بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن وەک شۆخێکی گاڵتەجاڕی دەردەکەوێت، یان ئەوەی کۆماری ئیسلامی بە تەواوی دەستبەرداری بەرنامەی مووشەکی و ئەتۆمییەکانی دەبێت، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ کۆتاییهاتنی نیزامی کۆماری ئیسلامی نییە.
لە پڕۆسەی ئاشتیدا کە دوو لایەنە سەرەکییەکە زیاتر لە خودی شەڕەکە داواکارییان هەیە و لە کاتێکدا هەردوو لایەن زۆر زیاتر لە بەرکەوتووەکانیان تێچوویان هەبووە، هیچ شتێک جێگیر و متمانەپێکراو نییە! ئەم شەڕە دەبێت براوەیەکی هەبێت، چ لە بەرەکانی شەڕدا و چ لەسەر مێزی گفتوگۆ و سازان! یان دەبێت لایەنێک تەسلیم بێت یان شەڕەکە بەردەوام دەبێت تا دەگاتە ئەنجام. ئەم چیرۆکە درێژەی هەیە! ئەو کەڵافە ئاڵۆزە دەبێت لە شوێنێک بکرێتەوە!