وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە بەرپرسانی باڵای واشنگتۆن و پێکەن گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێک کە بەپێی ئەو نابێ هیچ وڵاتێک باج بەسەر کەشتیوانی لە گەرووی هۆرمۆزدا بسەپێنێت.
ئەم هەڵوێستە دوای ئەوەیە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٩ی ڕەشەمە، گەرووی هۆرمۆزی بە تەواوی داخست و دواتر مەرجی وەرگرتنی باجی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان دیاری کرد.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ڕۆیتێرز"، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین و مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تلفۆنیدا لە مانگی خاکەلێوە، پرسی ئەو باجەیان تاوتوێ کردووە کە تاران داوای دەکات.
تامی پیگۆت، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاندووە: "هەردوو لایەن هاوڕابوون کە ڕێگە بە هیچ وڵات یان ڕێکخراوێک نادرێت بۆ تێپەڕبوون لە ڕێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییەکانی وەک گەرووی هۆرمۆز، پارە و باج وەربگرێت."
ئەم هاودەنگییەی نێوان پێکەن و واشنگتۆن نیشانەی ئەوەیە کە تەنانەت چینیش، وەک هاوپەیمانێکی سەرەکیی تاران، ناڕەزایەتی بەرامبەر بە هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ پەکخستنی بازرگانیی جیهانی و وەرگرتنی باجی نایاسایی لە گەرووە ستراتێژییەکاندا هەیە.