بریتانیا ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک کەرەستەی پێشکەوتووی سەربازی، لەوانە سیستەمی ئۆتۆماتیکی پاککردنەوەی مین، فڕۆکەی شەڕکەری "تایفۆن" و کەشتیی "ئێچ ئێم ئێس دراگۆن" بۆ ئەرکێکی بەرگریی نێودەوڵەتی تەرخان دەکات.
ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە کیێر ستارمێر، سەرۆکوەزیرانی بریتانیا ڕایگەیاندبوو وڵاتەکەی هاوشانی فەرانسە ڕێبەریی ئەرکێکی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی ڕێڕەوە بازرگانییەکان دەکەن.
ستارمێر جەختی کردووەتەوە کە ئەم هەوڵە تەواو ئاشتییانە و بەرگریکارانەیە و تەنیا کاتێک جێبەجێ دەکرێت کە شەڕ و پێکدادانە سەربازییەکان لە ناوچەکەدا کۆتاییان بێت.
هەڵوێستی بریتانیا لە سەرەتای دەسپێکی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران ئەوە بووە کە نابێتە لایەنێک لەم شەڕەدا.
تا ئێستا نزیکەی ٤٩ وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ هاوکاریی دارایی و پشتیوانی لەم هەنگاوە هاوبەشەی بریتانیا و فەرانسە دەربڕیوە کە ئامانجی پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەکانی تاران بۆ سەر ئەمنییەتی وزە و بازرگانیی جیهانییە.