ڕۆژی دووشەممە، ٢١ی بانەمەڕی ١٤٠٥ی هەتاوی لەسەر داوای فەرمیی یەکیەتیی لاوانی سۆسیال دێموکراتی سوید (SSU)، بەڕێز مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، سەردانی بنکەی سەرەکیی ئەو یەکیەتییەی کرد.
لەو دیدارەدا، سکرتێری گشتیی حیزب کە لەلایەن شاندێکی یاوەری پێکهاتوو لە ئەندامانی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید و بەرپرسی یەکیەتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڕێیەتی دەکرا، لەگەڵ هەیئەتێکی باڵای یەکیەتیی لاوانی سۆسیال دێموکراتی سوید کۆ بووەوە و جەخت لەسەر پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دوایین گۆڕانکارییە سیاسییەکان کرایەوە.
لەو دیدارەدا چەندین پرسیاری جەوهەری ئاراستەی سکرتێری گشتی کرا و ناوبراو بەوردی تیشکی خستە سەر ستراتێژیی حیزب و دۆخی ئێستای ئێران.
وڵام بۆ دەنگۆی پەیوەندی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ
لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان حیزب و سەرۆککۆماری ئەمریکا، کاک مستەفا ڕایگەیاند: "ئامانجەکانی ترامپ لەگەڵ ئامانجەکانی ئێمە جیاوازن. ئێمە پشتیوانی لەو بڕیارانەی دەکەین کە ڕێژیم لاواز دەکەن، بەڵام نامانەوێت ببینە هێزی زەوینی هیچ وڵات و لایەنێک؛ ئێمە ڕێگای تایبەت بە خۆمان بۆ خەبات هەیە و ئامانجمان ئازادکردنی وڵاتەکمان بە دەستی خۆمانە."
ڕەخنە لە "چەپی ڕۆژاوا" و هەڵوێستی وڵاتانی ئورووپا
سکرتێری گشتی لە وڵامی پرسیارەکاندا ئاماژەی بەوە کرد کە سیاسەتی ڕۆژاوا تا ئێستا "هەڵکردن" بووە لەگەڵ تاران. ناوبراو ڕەخنەی لە هەڵوێستی هەندێک لە لایەنە چەپەکان گرت کە دژی گوشار بۆ سەر ئێرانن و وتی: "پەیامی چەپ دەبێ ئاشتی و دێموکراسی بێت، بەڵام زۆرجار بە پێچەوانەوە هەڵسوکەوت دەکەن.
دروستکردنی بەدیلی سیاسی (ئاڵترناتیڤ)
لە وڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کێ دەبێتە ڕێبەری داهاتوو، کاک مستەفا جەختی لە کاری بەکۆمەڵ کردەوە و وتی: "تاکەکەس ناتوانێ بەتەنیا شوێندانەر بێت. ئێمە کار لەسەر پێکهێنانی ئێرانێکی دێموکراتیک دەکەین و لەو چوارچێوەیەدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێرانمان وەک نموونەیەکی سەرکەوتوو پێکهێناوە."
کێشەی "حەمید نووری" و تێرۆریزم
سکرتێری گشتی ئاماژەی بەوە کرد کە ئازادکردنی کەسانی وەک حەمید نووری و گەڕاندنەوەیان بۆ ئێران، تەنیا دەبێتە هۆی هاندانی زیاتری کۆماری ئیسلامی بۆ کردەوەی تێرۆریستی لە ئورووپا.
ناوبراو ڕایگەیاند کە ئەم ڕێژیمە تەنیا هەڕەشە نییە بۆ سەر گەلانی نێوخۆ، بەڵکوو مەترسییە بۆ سەر ئەمنییەتی هەموو جیهان.
پەیام بۆ لاوانی نێوخۆی ئێران
لە وڵامی پرسیاری "چۆن لە کاتی بڕانی ئینتێرنێتدا پەیوەندی بە لاوانەوە بکرێت؟"، کاک مستەفا داوای لە لاوانی سوید کرد کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ببنە "دەنگی لاوان و ژنانی چەوساوەی نێوخۆ" و ڕاستییەکانی ئەو سەرکوتکارییانە بە جیهان بگەیەنن.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، بەڕێز مستەفا هیجری وەک وەفایەک بۆ خەباتی مرۆڤایەتی، سەردانی گۆڕی ئۆڵۆف پاڵمێ، سەرۆکوەزیری کۆچکردووی سویدی کرد و تاجەگوڵینەی ڕێزی لەسەر دانا، کە وەک دۆستێکی نزیکی دکتۆر قاسملوو و گەلی کورد ناسرابوو.