کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئیسرائیل: زیاتر لە ٣٥٠ چەکداری حیزبوڵڵا لە کاتی ئاگربەستەوە کوژراون

11:48 - 22 بانەمەڕ 2726

ئەرتەشی ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی بانەمەڕ، نوێترین ئاماری هێرشەکان بۆ سەر بنکەکانی حیزبوڵڵای لوبنانی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند کە سەرەڕای هەبوونی ئاگربەست، گرژییەکان و پێکدادانەکان لە باشووری ئەو وڵاتە بەردەوامن.

بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەرتەشی ئیسرائیل، لە سەرەتای جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەستەوە تا ئێستا، زیاتر لە هەزار و ١٠٠ پێگەی حیزبوڵڵا کراونەتە ئامانج. هەروەها لەم ماوەیەدا زیاتر لە ٣٥٠ چەکداری ئەو گرووپە، کە وەک هێزێکی نیابەتیی کۆماری ئیسلامی ناسراون، کوژراون.

ئەرتەشی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێرشەکان بۆ سەر باڵەخانە سەربازییەکان، کۆگاکانی چەک و سەکۆکانی هاویشتنی مووشەکی حیزبوڵڵا بەردەوام دەبێت.

ئەم ئۆپەراسیۆنانە لەکاتێکدایە کە هەر دوولا یەکتری بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ئاگربەست تۆمەتبار دەکەن و ئەرتەشی ئیسرائیلیش دەڵێت ئەم هەنگاوانە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دەسەڵاتی سیاسیی وڵاتەکەی ئەنجام دەدرێن.