کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی بی ئێس: پاکستان بووەتە پەناگەی فڕۆکە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی

09:14 - 22 بانەمەڕ 2726

هەواڵدەریی "سی بی ئێس" لە زاری دوو بەرپرسی ئەمریکاییەوە بڵاوی کردەوە، کە پاکستان بە شێوەیەکی نهێنی ڕێگەی داوە چەندین فڕۆکەی سەربازیی ئێران لە بنکە ئاسمانییەکانی ئەو وڵاتەدا جێگیر بکرێن.

ئەم هەنگاوەی تاران دوای توندبوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا بە مەبەستی پاراستنی کەرەستە ئاسمانییەکانی لە ئەگەری هێرشی واشنگتۆنە.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەلایەن دۆناڵد ترامپەوە، چەند فڕۆکەیەکی ئێرانی بۆ بنکەی ئاسمانیی "نوورخان" لە نزیک شاری ڕاوڵپیندی گوازراونەتەوە.

لەنێو ئەو فڕۆکانەدا، فڕۆکەیەکی سیخوڕیی مۆدێلی (RC-130) بینراوە کە بۆ کۆکردنەوەی زانیاریی ئەلیکترۆنی بەکار دێت. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە بەشێک لە فڕۆکە مەدەنییەکانی ئێرانیش بۆ نێو خاکی ئەفغانستان گوازراونەتەوە.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان ئەم ڕاپۆرتەی بە "چەواشەکارانە" ناو برد و ڕەتی کردەوە. ئیسلام ئاباد لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە هاتنی ئەو فڕۆکانە تەنیا بۆ مەبەستی گواستنەوەی شاندەکان و ئاسانکاریی پرۆسەی گفتوگۆکان بووە و مانەوەی هەندێکیان لە بنکە ئاسمانییەکاندا تەنیا بۆ ماوەیەکی "کاتی" و بە مەبەستی ئامادەکاری بووە بۆ خولەکانی داهاتووی دانوستان.

ئەم دەنگۆیانە لە کاتێکدا بڵاو دەبنەوە کە پاکستان وەک نێوەندگیرێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنگتۆن دەردەکەوێت، بەڵام بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵانە ئاماژە بۆ هەبوونی جۆرێک لە هاوکاریی ئەمنییەتی پشتی پەردە لە نێوان تاران و ئیسلام ئاباد دەکەن.