لە دانپێدانانێک کە ئاستی دەستەوەستانیی کۆماری ئیسلامی لە بەرانبەر کارامەیی ئینتێرنێتی بێسانسۆر دەردەخات، بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پەیوەندییەکانی ڕێژیم ڕایگەیاند لە ئاڵۆزیی داهاتوودا، دەسەڵات ناچار دەبێت کارەبای وڵات بپچڕێنێت تا ڕێگە لە گەیاندنی زانیاری و بەکارهێنانی "ستارلینک" بگرێت.
محەممەدحافز حەکەمی، جێگری وەزیری پەیوەندییەکانی ڕێژیم، بە ڕاشکاوی دانی بەوەدا نا کە ئامرازە نوێیەکان لەژێر کۆنتڕۆڵی دەسەڵات دەرچوون و وتی: "لە ئاڵۆزیی داهاتوودا ناچارین دەست بۆ بڕینی کارەبا ببەین، چونکە ستارلینک ئامرازێکی یاخییە و بنچینەکەی لەسەر تۆڕەکەی ئێمە دانەنراوە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە گەشەکردنی ئەم تێکنۆلۆژییە "دوا بزماری لە تابووتی دەسەڵاتداریی کۆماری ئیسلامی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا داوە."
ئەم دانپێدانانە ڕووی ڕاستەقینەی دەسەڵاتێک دەردەخات کە بۆ کپکردنی دەنگی خەڵک، ئامادەیە ژێرخانی بژێوی، نەخۆشخانەکان و خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕووبەڕووی کوژاندنەوە و داڕمان بکات.
ترسی سەرەکیی ڕێژیم لە تێکنۆلۆژی "دایرێکت توو سێڵ" (Direct to Cell) سەرچاوە دەگرێت، کە ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدات بەبێ ئامێری تایبەت، مۆبایلەکانیان ڕاستەوخۆ بە ماهوارە وەسڵ بکەن؛ هەنگاوێک کە سەرجەم ڕێکارەکانی ڕێژیم بۆ فیلتێرکردن و چاوەدێریکردن بێکەڵک کردووە.
پەنابردنی بەرپرسانی ڕێژیم بۆ بڕینی کارەبا، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەیە کە سانسۆری حکوومەت لە بەرانبەر ئیرادەی هاووڵاتییاندا هەرەسیان هێناوە و ڕێژیم جگە لە پەکخستنی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک، هیچ ڕێگەچارەیەکی دیکەی لەبەرانبەر ئازادیی زانیاریدا بۆ نەماوەتەوە.