کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەهۆی گوشاری ئابووریی ئەمریکاوە دەیان نەوتهەڵگری ڕێژیمی ئێران لە ئاوەکانی ئاسیادا گیریان خواردووە

13:33 - 9 رەزبەر 2726

پەیڕەوکردنی سیاسەتی گوشاری زۆرینەی واشنگتۆن لەسەر کۆماری ئیسلامی، دەیان نەوتهەڵگری ڕێژیمی لە ئاوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیادا سەرگەردان کردووە.

ڕۆژنامەی "واڵ‌ستریت ژۆرناڵ" لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە نزیکەی ۲۰ نەوتهەڵگری بەتاڵی ئێران لە دووریی ۲۴ کیلۆمیتری کەناراوەکانی باشووری ڕۆژاوای سریلانکا گیریان خواردووە.

کەشتییەکان بۆ پاشەکەوتکردنی سووتەمەنی ماتۆڕەکانیان کوژاندووەتەوە یان لەسەر کەمترین کارکردن ڕایانگرتوون، ڕاستەوخۆش کۆگاکانی خۆراک، ئاوی خواردنەوە و پێداویستییە سەرەتاییەکانی بژێوییان لەژێر هەڕەشەی تەواوبووندان.

پێش دەستپێکردنی گرژییەکان لە ڕەشەمەی ڕابردووە، نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیم بارەکانیان دەگواستەوە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی نزیک مالێزی و لەوێوە دەخرانە سەر کەشتیی دیکە بۆ ئەوەی ڕەوانەی پاڵاوگەکانی چین ببن تا گەمارۆکانی ئەمریکا تێپەڕێنن، بەڵام هاوکات لەگەڵ سەپاندنەوەی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرە باشوورییەکانی ئێران لە گەرووی هۆرمۆز، ڕێگەی گەڕانەوە لەم کەشتییانە بەستراوە.

هەروەها لە دوو مانگی ڕابردوودا، بەشێک لە نەوتهەڵگرەکانی ڕێژیم ئاوەکانی مالێزییان جێهێشتووە و بەرەو زەریای هێند و کەناراوەکانی سریلانکا ڕۆیشتوون.

بەرپرسانی ئەمریکا دەسەڵاتدارانی سریلانکایان ئاگادار کردووەتەوە کە ۱۹ نەوتهەڵگری ئێران لەژێر چاوەدێریدان و هۆشدارییان داوەتە شیرکەتە تایبەتەکان کە پێشکەشکردنی هەر جۆرە خزمەتگوزاری، پێدانی سووتەمەنی یان دابینکردنی خۆراک بۆ ئەم کەشتییانە، ڕاستەوخۆ دەیانخاتە ژێر گەمارۆ لاوەکییەکانی واشنگتۆنەوە.