وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا، سکات بێسێنت، ڕۆژی دووشەممە ٦ی ڕەزبەر، لە کاتی دیدار و وتووێژ لەگەڵ نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، داوای لە حکوومەتی لوبنان کرد بۆ تێکدانی تۆڕە داراییەکانی ئێران و حیزبوڵڵا، «هەنگاوی یەکلاکەرەوە» بنێت.
بێسێنت هەروەها جەختی لە گرنگیی پێشخستنی چاکسازییە بنەڕەتییەکان لە بواری دارایی لوبنان بۆ گەڕاندنەوەی متمانە بۆ سیستەمی بانکیی ئەو وڵاتە کردەوە.
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا لە ڕۆژی پێنجشەممە ١٩ی خەرمانانیشدا، باسی لە سزادانی کۆمەڵێک کەس و کۆمپانیا بە تاوانی پشتگیریی دارایی، چەکوچۆڵ و لۆجیستیکی بۆ کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق و حیزبوڵڵای لوبنان سەر بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کردبوو.
ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکانی واشنگتۆندا کە بە ناوی «ئۆپەراسیۆنی گۆشەگیریی ئابووری» ناسراوە، دژی تۆڕە داراییە پەیوەندیدارەکان بە ڕێژیمی ئێران گیراوەتە بەر.
ئەو سزا نوێیانە هەروەها تۆڕێک لە نووسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو و دەڵاڵە داراییەکانی لە لوبنانیش دەگرێتەوە کە ڕۆڵیان لە گواستنەوەی سەرچاوە داراییەکانی هێزی قودسی سپای پاسداران بۆ حیزبوڵڵا هەبووە.
نەواف سەلام، سەرۆکوەزیرانی لوبنان، هەروەها ڕۆژی دووشەممە لە واشنگتۆن لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کۆ بووەوە و داوای جێبەجێکردنی زیاتر و بەردەوامبوونی ڕەوتی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەیی لەگەڵ ئیسرائیلی کرد.
لوبنان و ئیسرائیل لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا، بە نێوەندگیریی ئەمریکا، لەسەر ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی ڕێککەوتن کە کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغی هێزەکانی ئیسرائیل و چەکداماڵینی حیزبوڵڵا تێیدا گونجێندرابوو؛ بەڵام جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە تا ئێستا بەهۆی هێرش و مەترسییەکانی حیزبوڵڵاوە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.