سکات بێسێنت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند بەهۆی ئۆپەراسیۆنی "گۆشەگیرکردنی ئابووری"، ئەگەری هەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران تا دوو حەفتەی دیکە دوایین بارە نەوتییەکانی ڕادەستی چین بکات و دواتر هیچ سەرچاوەیەکی بۆ ئاڵوگۆڕ پێ نەمێنێت.
بەپێی وتووێژێکی بێسێنت لەگەڵ "فاکس نیوز"، تەنیا نزیکەی ١٥ میلیۆن بەرمیل نەوتی ئێران لەسەر ئاوەکان و لە ڕێگەی ڕادەستکردندان؛ بەهۆی گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن واشنگتۆنەوە، ئەم بارانەش لە تەواوبووندان.
بێسێنت هەروەها جەختی کردەوە پێکەن یارمەتییەکانی بۆ ڕێژیمی ئێران زۆر کەم کردووەتەوە.
وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا ئاماژەی بەوە دا کە ئێستا ڕۆژانە ١٥ تا ٢٢ میلیۆن بەرمیل نەوت لە گەرووی هۆرمۆز تێپەڕ دەبێت، بەڵام پشکی ئێران "سفر" بووە و واشنگتۆن ڕێگە بە هەناردەی نەوتی تاران نادات.
بێسێنت ئامانجی گۆشەگیرکردنی ئابووریی بۆ دروستکردنی گوشار وەسف کرد تا کۆماری ئیسلامی ناچار بە پێبەندبوون بە هەر ڕێککەوتنێک بکات.
ئەم لێدوانانە دوای ئەوە هاتنەئاراوە کە دۆناڵد ترامپ پێشنیاری نوێی تارانی ڕەت کردەوە؛ ترامپ بە ماڵپەڕی "ئاکسیۆس"ی ڕاگەیاند تاران دەیەوێت بگاتە ڕێککەوتن، بەڵام پێشنیارەکەیان لەگەڵ مەرجەکانی واشنگتۆندا ناگونجێت و تاران زیاتر لە پێویست حیسابی لەسەر توانای دانوستاندنی خۆی کردووە.