لە درێژەی ناکۆکی و ناتەباییەکانی نێوان باڵە جیاوازەکانی ڕێژیم، ڕۆژنامەی کەیهان بە توندی ڕەخنەی لە هەوڵەکانی دەوڵەتی پزیشکییان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان لەگەڵ ئەمریکادا گرت و ئەو دانوستانەی بە «پڕۆژەی فێڵکردن» وەسف کرد.
ئەم ڕۆژنامەیە هۆشداریی دا کە کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز یان پاشەکشە لە دۆسییەی ئەتۆمی بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن، بە مانای ناردنی «پەیامی لاوازی»یە بۆ واشنگتۆن.
کەیهان لە ڕراپۆرتێکدا بە ناونیشانی «دانوستان پرۆژەی فێڵکردنە؛ گەمارۆی دەریایی و ئاسمانی بە هێزەوە تێکدەشکێندرێت»، جەختی لەوە کردەوە کە پێشنیارەکانی تایبەت بە دانوستان جیا نین لەو گوشارە سەربازی و ئابوورییانەی کە ئەمریکا دژی کۆماری ئیسلامی پەیڕەوی دەکات.
ئەم ڕۆژنامەیەی کە لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی نوێنەری ڕێبەری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا دەردەچێت، نووسیویەتی: ئەمریکا لەکاتێکدا باسی دانوستان دەکات کە هاوکات سەرقاڵی پەرەپێدانی ئەوەیە کە کەیهان بە «گەمارۆی ئاسمانی و دەریایی» ئێرانی ناوی دەبات، هاوکات خۆی بۆ ئامادەکارییە سەربازییەکانی ناوچەکەش بەهێزتر دەکات.
بەشێکی گرنگی ڕەخنەکانی ئەو ڕۆژنامەیە ئاراستەی هەڵوێستەکانی عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوە، و مەسعوود پزیشکییان، سەرۆککۆماری ڕێژیمی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، کراوە.
کەیهان هەروەها ڕەخنەی لە لێدوانەکانی پزیشکییان سەبارەت بە هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن پێش هەڵبژاردنە ناوەندییەکانی ئەمریکا گرتووە.
کەیهان ئەم هەڵوێستانەی بە "ناردنی پەیامی لاوازی بۆ کۆشکی سپی» وەسف کرد و نووسیویەتی: بەستنەوەی کردنەوەی گەرووی هۆرمۆز بە دانوستانێکەوە کە هیچ دڵنیاییەک بۆ ئەنجامەکەی نییە، دەرفەتێک بۆ ئەمریکا و هاوپەیمانە ناوچەییەکانی دەڕەخسێنێت تا لەو گوشارانەی ئێستا دەرباز بن".
ڕۆژنامەکە ئاماژەی بە گرنگیی گەرووی هۆرمۆز بۆ گواستنەوەی نەوت و بازرگانی جیهانی کرد و بە یەکێک لە گرنگترین کارتەکانی گوشاری کۆماری ئیسلامی ناوی برد.
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، ڕۆژی هەینی ٣ی ڕەزبەر، لە دەرەوەی هۆڵی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی: "پێڕستی حەوت ڕۆژەی دوای قەبووڵکردنی ئەم پلانە لەلایەن ئەمریکاوە دەست پێدەکات».
هەروەها دژایەتیی کەیهان تەنها سنووردار نییە بۆ شێوازی دەستپێکردنی دانوستانەکان، بەڵکوو ڕەخنەی لە«پاشەکشێ لە پیتاندنی ٦٠ لەسەدی» گرت و بەردەوامیی پێداگریی بەرپرسان بۆ ئامادەیی بۆ دانوستانی، بە هۆکاری گواستنەوەی «هەستی لاوازی و بێئومێدی» زانی.
شەرێعەتمەداری بە جەختکردنەوە لەسەر پشتگیریی کۆماری ئیسلامی لە ئەنساروڵڵای یەمەن ، حیزبوڵڵای لوبنان، حەشدی شەعبی عێراق و حەماس، ڕەخنەی لە هەوڵەکان بۆ باشکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕیاز گرت.
لەم ساڵانی دواییدا ناتەبایی نێو باڵەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە ڕادەیەکی بەرچاو پەرەی سەندووە و ڕۆژبەڕۆژ کەلێنی نێوانیان قووڵتر دەبێتەوە و بەرەو ڕووخانی زیاتری دەبات و ئەگەری هەیە کە لەوەش زیاتر پەرە بسێنێت.