ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینی و لە ڕاپۆرتێکی تێرۆتەسەلدا ڕایگەیاند، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک "بکەرانی کوشتار" لە ڕێگەی داڕشتنی هێرشێکی ڕێکخراو و سیستەماتیک بۆ سەر خەڵکی مەدەنی، "تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی"یان ئەنجام داوە.
ڕاپۆرتە ۱۱٤۹ پەڕەییەکەی لێبووردنی نێودەوڵەتی کە لەژێر ناوی "داڕێژەرانی تاوان" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە لەندەن پەردەی لەسەر لادرا، بە پشتبەستن بە لێکۆڵینەوە لە هەزاران بەڵگەنامە و وتەی ۲۷۰ شایەتحاڵ، ئاشکرای دەکات کە هێزە ئەمنییەتی و سەربازییەکانی ڕێژیم بە مەبەستی سیاسی، ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی، دەستیان داوەتە کوشتار، ئەشکەنجە، دەستدرێژیی سێکسی و بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ.
ئەگنس کالامار، سکرتێری گشتیی ڕێکخراوەکە جەختی کردەوە کە بەڵگەکان هیچ گومانێک ناهێڵنەوە لەوەی دەسەڵاتدارانی تاران بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ئازادیخوازی، پەنایان بردووەتە بەر هێزی کوشندە.
لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی بە شێوەیەکی تایبەت و بە مەبەستی جیاکاریی ئیتنیکی، سەرکوتی خوێناویی بەسەر پێکهاتەکانی کورد و بەلووچدا سەپاندووە.
بڵاوکردنەوەی چەکی قورس و قەناسە لە پارێزگاکانی کوردستان، کرماشان و ورمێ بە نموونەی ئاشکرای ئەم تاوانانە ئەژمار کراون.
لێبووردنی نێودەوڵەتی ناوی ۸۷ بەرپەرسی باڵای ڕێژیمی (لەوانە فەرماندەکانی سپای پاسداران، فراجا و وەزارەتی نێوخۆ) ئاشکرا کردووە کە دەبێت ڕووبەڕووی لێپێچینەوەی سزایی نێودەوڵەتی ببنەوە.
سکرتێری گشتیی لێبوردنی نێودەوڵەتی هۆشداریی دا کە بەردەوامیی ئەم تاوانانە ئاکامی «دەربازبوون لە سزایە»یە و داوای لە کۆمەڵەی گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و دادوەرانی سەرانسەری جیهان کرد دادگایەکی تایبەتی نێودەوڵەتی پێکبهێنن و فەرمانی دەسبەسەرکردن بۆ تۆمەتبارانی سەرووی کوشتارەکانی ئێران دەر بکەن.