شۆرای هاواهەنگیی ڕێکخراوە پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران لە چوارەمین ساڵیادی شەهیدکرانی ژینا ئەمینیدا ڕایگەیاند، بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" ئاسۆیەکی نوێی لە کۆمەڵگەدا کردووەتەوە و هەوڵەکانی دەسەڵات بۆ سەپاندنەوەی حیجابی زۆرەملێ و گەڕاندنەوەی گەشتی ئێرشاد بێسوودن و ئەم بزووتنەوەیە بۆ دواوە ناگەڕێتەوە.
ئەم ڕێکخراوە پیشەیی و مەدەنییە لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دوای چوار ساڵ بەسەر دەستپێکی بزووتنەوەی ژینادا، سیمای شارەکان، زانکۆکان و قوتابخانەکان بەهۆی خۆڕاگریی ڕۆژانەی ژنان لە بەرانبەر جیاکاری و بەزۆر سەپاندندا بە تەواوی گۆڕدراوە.
شۆرای هاواهەنگی جەختی کردووەتەوە کە دەستکەوتەکانی ئەم بزووتنەوەیە بوونەتە بەشێک لە بیرەوەریی بەکۆمەڵ و سەرمایەی کۆمەڵایەتیی خەڵک.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە گەیشتن بە پەروەردەیەکی ڕزگاریبەخش و کۆمەڵگەیەکی بەدوور لە نادادپەروەری، بە بێ دابینکردنی یەکسانیی ڕەگەزی، ئازادیی پۆشش و کەرامەتی مرۆیی مەحاڵە؛ بۆیە بەرگریکردن لە مافی مامۆستایان و قوتابییان لە بەرگریکردن لە ئازادیی ژنان دانەبڕاوە.
شۆرای هاواهەنگیی سەندیکا پیشەییەکانی مامۆستایانی ئێران، وێڕای ڕێزلێنان لە یادی ژینا ئەمینی و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادی، هاوپەیمانیی خۆی لەگەڵ ژنان، قوتابییان و بنەماڵە دادخوازەکان دووپات کردەوە و ڕایگەیاند کە لە بەرگریکردن لە داواکارییە ڕەواکانی جەماوەر بە تۆزقاڵێک پاشەکشە ناکات.