کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەشی پێوەندییەکانی حیزب لە ئوسترالیا زنجیرەیەک چاوپێکەوتنی ئەنجام دا

11:11 - 25 خەرمانان 2726

ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی خەرمانانی ١٤٠٥، سەلاح پوورئەسەد نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوسترالیا لەگەڵ سێناتۆر "تێد ئۆ برایان" وەزیری دەرەوەی سێبەر لە حیزبی لیبراڵی ئوسترالیا لە پێتەختی ئوسترالیا کۆ بووەوە.

لەو دیدارەدا هێندێک پرسی پەیوەندیدار بە کێشەی کورد لە ئێران هاتە بەر باس و لەسەر دەستێوەردان و گێرەشێوییەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچە قسە و باسیان کرد .
هەر هەمان ڕۆژ هەیئەتێکی بەشی پێوەندییەکانی حیزب پێکهاتوو لە سەلاح پوورئەسەد، ڕووناک ڕاد و ژینۆ کاردۆ، باوە ڕەزایی بەرپرسی کۆمیتەی حیزب لە ئوسترالیا و کامران سۆهرابی بەرپرسی ڕاگەیاندنی حیزب لە ئوسترالیا لەگەڵ خاتوو زەنیتا ماسکارەناس سەرۆکی مافی مرۆڤی ئوسترالیا و نوێنەر پارلەمانی ئوسترالیا کۆ بوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا بە تێروتەسەلی لەسەر پرسی سەرکوتی سیستماتیکی گەلی کورد، مافی مرۆڤی کورد لە ئێران، کوشتار و ئیعدام و ڕاوەدوونانی بەردەوام و درۆن و مووشەکبارانی دژبەران و حیزبە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات لە باشووری کوردستان دوان و ژمارەیەک بەڵگە و دێکومێنتیان دایە دەست ناوبراو و ئەویش بەڵینی هاوکاریی بەردەاومی دا .
هەر لەم کۆبونەوەیەدا کێشەی پەنابەرانی کورد لە وڵاتانی ناوچە و ئوسترالیا هاتە بەرباس .
هەر هەمان ڕۆژ کاتژمێر دوو و نیوی پاش نیوەڕۆ هەیئەتی حیزب لەگەڵ بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە وەزارەتی دەرەوە کۆ بوونەوە.
لەو کۆبوونەوەیەشدا بە تێرتەسەلی باسی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ، ئیعدام و کوشتار و گرتنی گەلانی ئێران بە تایبەتی نەتەوەی کورد کرا و گەلێک بابەتی جێگای سەرنجی هەردوو لا هاتنە بەر باس و کۆبوونەوەکە دوای ٤٥ دەقیقە کۆتایی هات .