کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان پشتیوانیی خۆیان بۆ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان دەربڕی

14:16 - 24 خەرمانان 2726

کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا پشتیوانی و پاڵپشتیی تەواوی خۆیان بۆ مانگرتنی گشتیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٥ی خەرمانان دەربڕی و ڕایانگەیاند ئاگری بەتینی بزووتنەوەی ژینا گڕی لە جەستەی دوژمن بەردا و ئێستاش هەر بڵێسە دەستێنێت.

لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتووە کە "ئەگەرچی چوار ساڵ بەسەر ساڵیادی شەهیدبوونی ژینا ئەمینی، کچە کوردی بێتاوان، بە دەستی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا تێدەپەڕێت؛ بەڵام هێشتا ئەو ئاگرە بەتینەی ئەم ڕاپەڕینە کە بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" هەڵگیرسا و جەستەی دوژمنی خستە لەرزە، زیندووە و نەکوژاوەتەوە".

هەروەها باس لەوە کراوە کە "بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، دەنگی نەوەیەکە کە ئازادی، کەرامت، دادپەروەری و مافی دیاریکردنی چارەنووسی خۆی دەوێت".

هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە "لەم ڕاپەڕینە کە خاڵێکی زێڕینە لە مێژووی خەباتی نەتەوەکەمان، خوێندنگە و زانکۆ سەلماندیان کە تەنیا شوێنێک نین بۆ فێربوونی زانست، بەڵکوو دەتوانن ببنە ناوەندی هۆشیاری، ڕۆشنبیری و خۆڕاگریی کۆمەڵایەتی و ڕاوەستان لەهەمبەر زوڵم و بێدادیدا".

لە بەشێکی دیکەی ئەو بەیاننامەیە هاتووە کە "پشتیوانیی لە مانگرتن تەنیا پشتیوانی لە یەک ڕۆژی ناڕەزایەتی نییە؛ پەیامێکە بۆ ئەوەی تێبگەین کە کۆمەڵگەی کوردستان هێشتا لەسەر داواکارییەکانی «ڕاپەڕینی ژینا» سوورە و سەرکوت ناتوانێت ئەو دەنگە بێدەنگ بکات".

لە کۆتاییدا بەیاننامەکەدا نووسراوە "وەک کۆمیتەی سەرانسەریی خوێندکارانی کوردستان داوا دەکەین لە خوێندکارانی ئازادیخواز، مامۆستایان، چالاکانی مەدەنی و فەرهەنگی و هەموو ئەو کەسانەی کە بڕوای قووڵیان بە ئازادی و دادپەروەری هەیە، کە بە هەموو شێوەیەکی مەدەنییانە و گونجاو، پشتیوانی خۆیان لە ڕاگەیەندراوی مانگرتنی «ناوەندی هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران» دەرببڕن".