ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥هەتاوی، بەشی پەروەردەی کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران لە نۆروێژ، کلاسێکی پەروەردەیی سیاسیی لەژێر ناوی "ناسیۆنالیزمی تورکی، عەرەبی، ئێرانی و کوردی" بۆ بەڕێز د. سمایل بازیار مامۆستای زانکۆ و کەسایەتیی سیاسی لە شاری سترۆمێن بەڕێوە برد.
سەرەتا بە سروودی نەتەوایەتی ئەی ڕەقیب، ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە شەهیدانی مانگی خەرمانان و هەموو شەهیدانی کوردستان، دواتر وێڕای بەخێرهاتنی بەڕێز د. سمایل بازیار و هەموو ئامادەبووان لەلایەن خاتوو ئاواز خزری، بەرپرسی بەشی پەروەردەی کۆمیتەوە، بەرنامەکە دەستی پێکرد.
د.سمایل بازیار بە پێشەکییەکی ئاکادێمی و مێژوویی لەسەر ناسیۆنالیزم دەستی بە پێشکەش کردنی بابەتەکەی کرد.
شوناسی تاک واتە، خۆپێناسەکردن لە کوردستان لەگەڵ دەرەوەی وڵات جیاوازی هەیە، جاوازییەکان ئەوەیە کە لە کوردستان خۆپێناسەکردنەکە لە چوارچێوەی ئەوەدایە کە تاک کێیە و چ کارەیە، بەڵام لە دەرەوەی وڵات خۆپێناسەکردنی تاک ئەوەیە کە کوردێک دەڵێت «من کوردم، زمانی کوردی و کولتووری کوردی بەشێکن لە ناسنامەی من و دەیانپارێزم ».
دواتر د. بازیار هاتە سەر پێناسەی ناسیۆنالیزم، ناسیۆنالیزم بە واتای ئاگایی بە کۆمەڵ لەسەر نەتەوەیەک. کورد نەتەوەیەکە بە ناسنامە، زمان و مێژووی تایبەتی، بەڵام دەوڵەتی نەتەوەیی سەربەخۆی نییە. بۆیە ناسیۆنالیزمی کوردی لەسەر پاراستنی ناسنامە، ماف لە خاباتدایە بۆ بەدەست هێنانی دەوڵەتی خۆی.
جیاوازی نەتەوەی دەوڵاتدار لەگەڵ نەتەوەی بێدەوڵەت چییە؟ نەتەوەیەکی دەوڵەتدار دەوڵەتی خۆی هەیە؛ بۆیە ناسیۆنالیزمەکەی بۆ پاراستنی دەوڵەت، خاک، یەکپارچەیی و ناسنامەی نەتەوەیی خۆی بەکار دێت.
نەتەوەی بێ دەوڵەت زۆرجار ناسیۆنالیزمەکەی بۆ دروستکردن یان بەدەستهێنانی دەوڵەت و ماف بەکار دێنێت؛ نەتەوەی دەوڵەتدار بۆ پاراستن و بەهێزکردنی دەوڵەتی خۆی خەبات دەکات.
جیاوازی ناسیۆنالیزمی: تورکی، عەرەبی، ئێرانی و کوردی:
ناسیۆنالیزمی تورکی:
ئیمپڕاتۆری عوسمانی بە سیستەمێکی پاشایەتی و ناوەندی بەڕێوە دەچوو. هەروەها نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان لە ناو ئەو ئیمپڕاتۆرییەدا دەژیان و تا ڕادەیەک خۆبەڕێوەبردنی ناوخۆیان هەبوو. لە ناوچە کوردنشینەکانیش، هەندێک میرنشینی کورد بۆ ماوەیەک بڕێک دەسەڵاتی ناوخۆیان پاراست، بەڵام لە سەدەی ١٩دا دەوڵەتی عوسمانی هەوڵی دا ئەو دەسەڵاتە کەم بکات بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی خۆێ.
ساڵی ١٩٠٨تورکە لاوەکان دەسەڵاتیان بەهێز کرد.
ساڵی ١٩٢٣ کۆماری تورکیا دامەزرا و ناسنامەی تورکی زیاتر کرایە بنەمای دەوڵەت.
بەرانبەر بە کورد، لەو قۆناغدا ناسنامە و زمانی کوردی سنووردار کرا و هەوڵی ناوەندیکردن و یەکخستنی ناسنامەی دەوڵەت درا.
ناسیۆنالیزمی عەرەبی:
لە کۆتایی سەدەی ١٩دا بیرۆکەی ناسیۆنالیزمی عەرەبی دەستی بە گەشەکردن کرد.
لە ساڵی ١٩١٠-١٩٢٠بە تایبەتی دوای لاوازبوونی ئیمپڕاتۆری عوسمانی بەهێزتر بوو.
لە عێراق و سووریەا: دواتر لە هەندێک ڕێژیمدا ناسنامەی عەرەبی بوو بە بنەمای دەوڵەت.
ناسیۆنالیزمی ئێرانی:
لە سەردەمی ڕەزاشا ناوەندیکردن و ناسنامەی یەکگرتووی ئێرانی بەهێزتر بوو.
لە هەمان سەردەمدا ناسیۆنالیزمی کوردیش گەشەی کرد، چونکە کوردەکان لە ژێر دەسەڵاتی چەند دەوڵەتدا بوون و داوای پاراستنی زمان، کولتوور، ناسنامە و مافە سیاسییەکانی خۆیان دەکرد هەتا ئێستاش خەباتی بۆ دەکەن.
ناسیۆنالیزمی کوردی:
ناسیۆنالیزمی کوردی بریتییە لە بیرۆکە و هەستی نەتەوەیی کورد کە گرنگی بە ناسنامەی کوردی، زمان، کولتوور، مێژوو و مافە نەتەوەییەکان دەدات.
پێش سەدەی ١٩، هەستی کوردایەتی هەبوو، بەڵام ناسیۆنالیزمی نوێ هێشتا دروست نەبوو.
لە کۆتایی سەدەی ١٩دا، ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەی نوێ دەستی بە گەشەکردن کرد.
لە ساڵی ١٨٩٨ڕۆژنامەی کوردستان لە قاهیرە بڵاو کرایەوە و ڕۆڵێکی گرنگی لە بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی نەتەوەیی کوردی هەبوو.
ژکاف (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان) لە ساڵی ١٩٤٢ لە مەهاباد دامەزرا و کاریگەرییەکی گرنگی لە گەشەی ناسیۆنالیزمی کوردی هەبوو. ژکاف هەنگاوێکی گرنگ بوو لە گواستنەوەی ناسیۆنالیزمی کوردی لە بیرۆکە و ڕێکخستنەوە بۆ کاری سیاسی و دامەزراندنی کۆماری کوردستان.
لە کۆتاییدا، هەر چوار جۆری ناسیۆنالیزم گرنگی بە ناسنامەی نەتەوەیی دەدەن، بەڵام بەهۆی جیاوازییە مێژوویی و سیاسییەکان، ئامانج و شێوازی گەشەکردنیان جیاوازە.
جێی ئاماژەپێکردنە کە کلاسەکە نزیک بە چوار کاتژمێر بەردەوام بوو. لەو ماوەیەدا، ئامادەبووان بە شیوەیەکی چالاک بەشدارییان کرد لە کلاسەکەدا.