کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی سێمینارێک بۆ بەرزڕاگرتنی یادی شەهیدانی میکۆنۆس لە سوید

13:33 - 22 خەرمانان 2726

ڕۆژی شەممە ٢١ی خەرمانانی ١٤٠٥، کۆمیتەی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە سوید سێمینارێکی بۆ ڕێزگرتن لە یادی شەهیدانی میکۆنۆس لە شاری ستۆکهۆڵم پێک هێنا.
سێمینارەکە بە بەخێرهاتنی بەشداران لەلایان بەڕێوەبەری بەرنامە، "قادر مێهفەر" و هەروەها سروودی نەتەوایەتیی ئەی ڕەقیب و ڕاگرتنی بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان دەستی پێکرد.
دواتر لەلایەن هاوڕێ "نەبەز عەلیدووست"  بەرپرسی کۆمیتەی گشتیی حیزب لە سوید لە وتەیەکی کورتدا بەخێرهاتنی میوانەکان و بەشدارانی سێمینارەکەی کرد.
دوای وتەی بەرپرسی کۆمیتە، بەڕێز دوکتۆر "حوسێن خەلیقی"  کەسایەتیی سیاسی، نووسەر و لێکۆڵەری دیاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک یەکەم کۆڕگێڕ دەستی بە باسەکەی کرد.
باسەکەی دوکتۆر خەلیقی لەژێر سەردێڕی "تێرۆركرانی دوكتۆر شەرەفكەندی، خەسار و زیانەكانی بۆ سەر حیزبی دێموكرات و جووڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی كوردستان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان" دا بوو.
ناوبراو باسی ئاشنایی خۆی لەگەڵ نەمر دوکتۆر سەعید کرد و لێوەشاوەیی ناوبراوی دوای شەهیدکرانی دوکتۆر قاسملوو خستە بەرباس، بەڵام بەداخەوە شەهیدکرانی ئەویش ڕێگای نەدا لێوەشاوەیی زیاتری دوکتۆر شەرەفکەندی ببینین.
دوکتۆر "ئیدریس ئەحمەدی"  مامۆستای زانکۆ، دووهەم کۆڕگێڕی ئەو سێمینارە بوو کە باسەکەی بریتی بوو لە " دوكتۆر سەعید، هێزی كورد و جوگرافیای كوردستان".
ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی: "یادکردنەوەی دوکتۆر سەعید پێوەندیی بەو بارودۆخەوە هەیە کە ئێمە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیبینین. باسی ڕۆڵی کارای شەهید دوکتۆر سەعیدی لە خوێندنەوە و پێشبینی ڕووداوەکاندا کرد کە بەداخەوە کۆماری ئیسلامی ڕێگای نەدا حیزبی دێموکرات زیاتر لە لێوەشاوەییەکانی ئەو نەمرە بەهرەمەند ببێت.
دوای باسەکەی دوکتۆر ئیدریس کورتەیەک لە ژیاننامەی شەهید د. سەعید لەلایەن بەڕێوەری بەرنامە خوێندرایەوە.
 

 دواتر پارچە موسیقایەک لەلایەن هونەرمەند "هەڵۆ غەریب"ـەوە  پێشکەش کرا.
چەند برووسکەیەک بەو بۆنەوە بۆ یادەکە هاتبوون کە وێڕای داوای لێبوردن بەهۆی کەمیی کاتەوە، بە سپاسەوە نێوەکانیان خوێندرانەوە؛
پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پەژا

یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
ڕێکخراوی خەباتی شۆڕشگێڕی کوردستان-کومیتەی سوید

کۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی
دوای ئەو بڕگەیە کۆڕگێڕی سێهەمی سێمینارەکە "پێشەوا عەلیپوور"  ئەندامی ڕێبەریی حیزب، باسەکەی خۆی، کە پێشتر بە تۆمارکراوی بەدەستی بەڕێوەبەرانی سێمینارەکە گەیشتبوو، لە ژێر سەردێڕی؛ "گرنگیی خەباتی نەتەوەیی لە لای شەهید دوكتۆر شەرەفكەندی"  پێشکەش کرد. ناوبراو لە بەشێک لە قسەکانیدا وتی؛ "من نەوەی دوای تێرۆری دوکتۆر سادق شەرەفکەندیم و لە نیزیکەوە شانازیی هاوخەباتیم لە گەڵی نەبووە، بەڵام گۆشکراوی ئەو ڕێبازەم. تێرۆری دژبەران لە ئێران تەنیا تایبەت بە سەردەمی کۆماری ئیسلامی نییە، بەڵکوو ڕێژیمەکانی پێشتریش لە ئێران ئەو شێوە لە لەناوبردنی دژبەرانی خۆیان گرتووەتە پێش و وەک میرات بۆ کۆماری ئیسلامییان بەجێ هێشتووە. بڕیاری دادگای میکۆنۆس دەریخست کە تێرۆری جیابیرانی ڕێژیم لە دەرەوە بڕیارێکی سیاسیی تەواوی دەزگای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو.
کۆمیتەی عەمەلیاتی تایبەت پێکهاتوو لە ڕێبەری باڵا، سەرۆککۆمار، وەزیری کاروباری دەرەوە، وەزیری ئیتلاعات و فەرماندەری سپای پاسداران و دەبیری "شۆڕای بەرزی ئەمنییەتی میللی" هەموویان لە گەڵاڵەداڕشتن و بەڕێوەبردنی ئەو تێرۆرە دا بەشدار بوون. 
دوایین بڕگەی بەرنامەکانی سێمینارەکە پێشکەشکردنی پارچە مۆسیقایەک لەلایەن هونەرمەند "هەڵۆ غەریب" بوو.